برینداربوونی سەرکردەیەکی “هەسەدە” و هاوڵاتییەکی سڤیل بە فیشەکی کەسانی نەناسراو لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور
دێرەزوور– نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرکردەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” و هاوڵاتییەکی دیکەی سڤیل بە تەقەی چەکدارانی نەناسراو، لە شارۆچکەی دێرەزووری رۆژهەڵاتی سوریا برینداربوون.
سەرچاوەیەکی سەربازی له شارۆچکەی “ئەلبەسیرە”وە لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور رایگه یاند، چەکدارانی نەناسراو بە ماتۆڕسکیل، سەرکردە گەنجەکەیان کردووەتە ئامانج، که ناوی (تەیسیر ئەلسەرحید)ە و سەرکردەیە له ئەنجومه نی سەربازی دێرەزوور و ئامۆزاکەی بە ناوی (هەواش ئەلسەرحید) لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لە شارۆچکەی ئەلبەسیرە لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور، بریندارکراوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو سەرکردەیە و ئامۆزاکەی گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی مەیدانی شارۆچکەکە و بە گوتەی پزیشکێکی نەخۆشخانەکە باری تەندروستیان باشە.
تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە “هەسەدە” هیچ لێدوانێکی لەسەر رووداوەکە نەداوە.
دوو رۆژ لەمەوبەر دوو ئەندامی “هەسەدە” بەهۆی هێرشێکەوە کە خاڵێکی پشکنینیان کردە ئامانج لە دەروازەی شارۆچکەی “ئەلشهەیل” لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور، بریندار بوون.