پەرلەمانی ئەمریکا داوا دەکات فشار بخرێتە سەر بەغدا بۆ دەسپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕ پێنجشەممە، سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا داوای لە بەرپرسانی وڵاتەکەی کرد فشار بخەنە سەر بەغدا بۆ ئەوەی دەست بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی عێراق بکاتەوە.

سەرۆکی لیژنەکە مایکل مەککۆڵ، لە تویتێکدا لە تویتەر نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی بەغدا هێشتا رێگە نادات بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.

سەرەڕای رێککەوتنی نێوان حکومەتەکانی بەغدا و هەولێر بۆ یەکلاکردنەوەی جیاوازییە هەڵپەسێردراوەکانی دۆسیەی وزە، پرسی دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هێشتا وەستاوە.

سەرۆکی لێژنەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە راگرتنی ئەو هەناردەکردنانە دەستکەوتێکە بۆ رژێمی ئێران.

  ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە بەرپرسان فشار بکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییە بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی وزە لە ناوچەکەدا.

لە سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵدا، حکومەتی ناوەندی عێراق لە بەغدا رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆکرد، بەو مەرجەی بەغدا چاودێری تەواوی هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتە ئەستۆ.

هەناردەکردنەکە لەوکاتەوە وەستاوە کە دادگای ناوبژیوانی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی پاریس، بڕیارێکی لە بەرژەوەندی بەغدا دەرکردبوو بۆ راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە بەهۆی نەبوونی مۆڵەت لە بەغداوە، و بڕیاریدا سکاڵا لەسەر تورکیا تۆمار بکرێت.

راپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە رەنگە راگرتنی هەناردەکردن لە رێگەی تورکیاوە درێژخایەن بێت، ئەمەش لە ئەنجامی چارەسەرنەکردنی هەندێک ناکۆکی نێوان لایەنە ناکۆکەکان.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر