باڵوێزی پێشووی تورکیا لە دیمەشق باس لە “کشانەوەی دڵنیای” سوپای وڵاتەکەی دەکات لە سوریا

دیمەشق – نۆرس پرێس

عومەر ئۆنهون، باڵیۆزی پێشووی تورکیا لە دیمەشق رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی “لە کۆتاییدا” لە سوریا دەکشێتەوە و هیچ جێگایەک نەماوەتەوە بۆ سوپای تورکیا لەو وڵاتە.

ئۆنهۆن کە تا مانگی حوزەیرانی 2012 پۆستی باڵویزی وڵاتەکەی هەبوو لە سوریا، لە راگەێنراوێکدا بۆ کەناڵی “ئەلعەرەبیە” رایگەیاند کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە “بابەتێکی خێرا نابێت”، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە داواکارییەکانی هەر لایەنێک لە لایەنەکەی دیکەوە کاتی پێویستە بۆ جێبەجێکردنی.

دوێنێ سێشەممە، مۆسکۆ کۆبوونەوەیەکی چوار قۆڵی بەخۆوەبینی، کە بەرپرسانی بەرگری و هەواڵگری تورکیا، سوریا، رووسیا و ئێرانی کۆکردبوەوە، لە زنجیرەیەک کۆبوونەوەدا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، کە لە کۆتایی ساڵی رابردوەوە بەسەرپەرشتی رووسیا دەستیانپێکردوە.

دوای کۆبوونەوەکە، وەزارەتی بەرگریی سووریا دووپاتی کردەوە کە باسیان لە کشانەوەی تورکیا لە خاکی وڵاتەکەی کردووە، هاوکات ئەنقەرەش ئاماژەی بەوەدا کە تاوتوێی “گەڕانەوەی ئاوارەکان و شەڕی دژی رێکخراوە تیرۆریستییەکان”یان کردووە.

ئۆنهۆن ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا دەیەوێت ئاسایشی خۆی گەرەنتی بکات و هەلومەرجی پێویست لە سوریا بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بە سەلامەتی دروست بکات، لە بەرامبەریشدا دیمەشق دەیەوێت سوپای تورکیا لەو وڵاتە بکشێتەوە و واز لە پشتیوانیکردنی ئۆپۆزسیۆن بهێنێت، “هیچ یەک لەم داواکارییانە ناماقوڵ نیین”.

باڵیۆزی تورکیا باسی لە ئەگەری پێشکەوتنی پرۆسەی ئاساییکردنەوە کرد، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە “ئاساییکردنەوە بەم نزیکانە ناگاتە ئەنجام، لانیکەم پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ئەنجامی نابێت”، کە تورکیا لە چواردەی مانگی ئایاری داهاتوودا هەڵبژاردنەکانی تێدا بەڕێوەدەچێت.

وەک درێژەپێدەری زنجیرە کۆبوونەوەکانی نێوان لایەنەکانی بەشدار لە پرۆسەی ئاساییکردنەوە، میکائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا پێشتر ئەگەری ئەنجامدانی کۆبوونەوەی چوارقۆڵی وەزیرانی دەرەوەی رووسیا، سوریا، تورکیا و ئێرانی لە سەرەتای مانگی ئایاردا راگەیاند .

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەگید مشمش