ژمارەیەک كریستیان بۆ دیداری مەسیح خۆیان لە برسان دەکوژن

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە رۆژنامەی ستاری كینیایی لە زاری بەرپرسانی وڵاتەكەی هەواڵی ئەوەی بڵاوکردەوە كە ژمارەی قوربانیانی ئەو تایفە كریستیانەی كینیا كە بۆ دیداری مەسیح دەستیان بە خۆبرسیكردن كردووە گەیشتووەتە 95 كەس.

بەپێی رۆژنامەكە، تایفەیەكی توندڕەوی كریستیان لە كینیا كە لەلایەن قەشەیەكەوە بە ناوی ماكنزی ناتنزی ڕێبەرایەتی دەكرێت، ئەو قەشەیە داوای لەو کەسانە كردووە کە خۆیان برسی بكەن تا بە دیداری مەسیح بگەن، ئەوانیش دەستیان داوەتە خۆبرسیكردن و ڕۆژانە چەند كەسێكیان لە برسان دەمرن، تەنها ئەمڕۆ چوارشەممە پێنج منداڵ لە برسان مردن.

ئاژانسی هەواڵی فەرەنساش دوێنێ سێشەممە بڵاوی كردبووەوە كە بەهۆی ئەوەی لە نەخۆشخانەی مالیندیدا شوێنی هەڵگرتنی تەرم نەماوە، پۆلیسی ناوچەكە پرۆسەی گەڕان بەدوای تەرمەکان هەڵپەساردووە.