بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی بارانەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەڕەی تایبەتی خۆی راپۆرتێکی لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەکانی سنووری هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، ئەویش بەهۆی بارانە زۆرەکەی ئەم دواییەوە.

لە راگەێنراوەکەدا هاتووە: بە هۆی ئەو بارانبارینە بەخوڕەی بەشێکی زۆری ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، ئاستی ئاوی زۆربەی بەنداوەکان بەرز بوونەتەوە و بەپێی ئەو ئامارانەی دەست فەرمانگەی میدیا و زانیاری کەوتوون “ئاوێکی زۆر گل دراوەتەوە”.

لە بڵاوکراوەکەدە باس لە هەندێک لە بەنداوەکان دەکرێت، لەوانە بەنداوی دێوانە لە گەرمیان، کە یەکێکە لەو بەنداوانەی کە ساڵی رابردوو  تەواو کراوە و ئەمساڵ ئاوی تێدا گل درایەوە، ماوەی چەند مانگێکە سەرڕێژ بووە و 20 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدا گل دراوەتەوە.

هەر لە گەرمیان و لە بەنداوی تووڕەجار، کە ئەمساڵ تەواو بووە کۆی گشتیی ئاوی گلدراوە ملیۆنێک و 750 هەزار مەتر سێجایە.

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاندووە “دوای ئەو بارانبارینە بەخوڕەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، ئاستی ئاوی بەنداوەکە بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە و بەمەش ئاوی گلدراوە بووەتە ملیارێک و 684 ملیۆن مەتر سێجا و کۆی گشتیی ئاوی دەریاچەکەش 56%ـە.”

بەنداوی خنس لە دهۆک، یەکێکە لەو بەنداوانەی کە ئەمساڵ نۆژەنکردنەوەتەوە و بۆ یەکەمجار بەنداوەکە لە مانگی نیسانی ئەمساڵذا سەرڕێژ بوو؛ بە گوتەی بەڕێوەبەری بەنداوەکە کە قسەی بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری کردووە، ئێستا حەوت ملیۆن مەتر سێجا ئاو لەو بەنداوە گلدراوەتەوە.

بە گوێرەی راپۆرتەکەی حکومەتی هەرێم، هەر لە دهۆک، بەنداوی کەشکان و بەنداوی دهۆک دوو لەو بەنداوانەن کە ئاویان تێدا گل دراوەتەوە و سەرەڕای ئەو بارانبارینەی کە رڕووی لە ناوچە کردووە، بەڵام سەرڕێژ نەبوونە و بە گوتەی بەڕێوەبەری بەنداوەکانی دهۆک، رێژەی کۆکراوەی ئاو لە هەردوو بەنداوەکە 22 ملیۆن و 854 هەزار مەتر سێجایە.

ئەمە جگە لەوەی کە ڕێژەی کۆکراوەی ئاو لە دەریاچەی دووکان بووەتە 41.4% ، لە سەرەتای وەرزی بارانبارینەوە، شەش مەتر و 20 سانتیمەتر ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان بەرز بووەتەوە