رووسیا و چین لە بارەی پرسەکانی سوریا، سودان و یەمەن ڕێککەوتن و لە هەماهەنگیدان
دیمهشق – نۆرس پرێس
رووسیا و چین جەختیان لە هەماهەنگی و پێکەوە کارکردن بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسە سیاسییەکانی پەیوەست بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە سوریاشەوە کردەوە.
ئەمەش لە وتووێژێکدا هات، کاتێک میخائیل بۆگدانۆڤ، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و جێگری وەزیری دەرەوە لەگەڵ تشای جۆن، نێردەی تایبەتی حکومەتی چین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبوونەوە.
هەردوولا لەمیانی دیدارەکەدا تیشکیان خستە سەر بارودۆخی سودان، کە لە پەراوێزی کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاری وەزیری دەرەوەی چین و نوێنەرانی گروپی BRICS (بەرازیل، رووسیا، چین، هیندستان و ئەفریقای باشوور) لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بەڕێوەچوو.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیەندراوێکدا کە دوێنێ سێشەممە، 25ی نیسانی 2023 بڵاویکردەوە، رایگەیاند “لە کاتی گفتوگۆکەدا، ئاڵوگۆڕێکی نهێنی بیروڕا سەبارەت بە پرسە بابەتییەکانی پەیوەست بە پەرەسەندنی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ئەنجامدرا، بە گرنگیدان بە دۆخی ئێستای وڵاتانی سودان، یەمەن، سوریا و کەنداوی فارس”.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوەدا کە هەردوو لایەن هەڵوێستی پتەوی مۆسکۆ و پەکینیان دووپاتکردەوە لە هەماهەنگییەکی نزیک بۆ چارەسەرکردنی خێرای سیاسی ململانێکان و قەیرانەکان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا.