واشنتۆن: ئاستی مەترسی پێکدادانی نێوان فرۆکەکانی رووسیا و ئەمریکا لە سوریا زیادیکردووە

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکی، زیادبوونی دەرچوونی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی رووسیا لە ئاسمانی ناوچەکانی ژێر هەژمونی حکومەتی ئەسەد و نزیکبوونەوەیان لە ئاسمانی ناوچەکانی ژێر هەژمونی ئەمریکا لە سوریا وایکردووە “مەترسییەکی جددی” لە ئاردابێت، بە تایبەتی ئەگەر خراپ هەڵسانگاندنێک لە نێوان هەردوو زلهێزی سەربازیدا روبدات.

بەرپرسانی ئەمریکا بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ رایانگەیاندوە، فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا چەندین جار رێککەوتنە درێژخایەنەکانیان لەگەڵ ئەمریکا پێشێل کردووە، بە فڕینی مەترسیدار لە نزیک فرۆکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریا دیموکرات.

رۆژنامەکە رۆژی سێشەممە 25ی نیسانی 2023 بڵاویکردەوە، ئەلێکسوس گرینکێڤیچ، فەرماندەی هێزی ئاسمانی لەفەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، رایگەیاند، ژمارەی رووداوەکانی نێوان هێزی ئاسمانی رووسیا و هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە سوریا لەم دواییانەدا بەرزبووەتەوە، ئەمەش مەترسی هەڵە هەڵسانگاندن و پێکدادان زیاد دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی دوو مانگی رابردوودا فڕۆکە رووسیەکان چەندین جار بە شێوەیەکی مەترسیدار لە نزیک فرۆکەکانی ئەمریکاوە فڕیون، رووسیاش لەم روداوانە بەرپرسیارە.

بەگوێرەی گوتەکانی گرینکێڤیچ، هێزی ئاسمانی رووسیا لە مانگی ئازاری رابردووەوە 60 جار پەیمانی “روونەدانی پێکدادان” پێشێل کردووە، کە بەپێی ئەو پەیماننامەیە، دەبێت فڕۆکە سەربازییەکانی رووسیا و ئەمریکا لانیکەم نزیکەی شەش کیلۆمەتر مەودای نێوان خۆیان بپارێزن.

بەگوێری گوتەکانی فەرماندەی هێزی ئاسمانی لە فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا،  لە جیاتی ئەوە فڕۆکە رووسیەکان بە نزیکەی 150 لە نزیکەی فرۆکە ئەمریکیەکان فریون. جگە لەوەش لە مانگی ئازارەوە فڕۆکەکانی رووسیا چەند جارێک بەسەر هێزەکانی ئەمریکادا لە باکوری سوریا فڕیون.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی دووشەممەی رابردوو، ئۆلێگ گۆرینۆڤ، جێگری سەرۆکی ناوەندی رووسیا بۆ ئاشتەوایی لایەنە شەڕکەرەکان لە سوریا، رایگەیاند کە هاوپەیمانی دژ بە تیرۆر بە سەرۆکایەتی ئەمریکا بەردەوامە لە پێشێلکردنی پرۆتۆکۆڵی رونەدانی ناکۆکی و یاداشتنامەی سەلامەتی فڕین لە سوریا.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێشێلکارییەکانی پەیوەست بە فرینی فڕۆکەکانی بێفڕۆکەوانی هاوپەیمانان بەراورد بە ساڵی 2022  بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 665 حاڵەت تۆمارکراوە، و 213 حاڵەتیان لە مانگی نیساندا بووە.