پۆلیسی ئەڵمانیا گەنجێکی سوری بە تۆمەتی ئامادەکاری بۆ کاری “تیرۆریستی” لە هامبۆرگ دەستگیرکرد

بەرلین – نۆرس پرێس

پۆلیسی ئەڵمانیا رایگەیاند، دوێنێ سێشەممە گەنجێکی سوری تەمەن 28 ساڵانیان دەستگیرکردووە کە سەرقاڵی “پلانێکی گومانلێکراوی جیهادی” بووە بە دروستکردنی پشتێنەی بۆمبی چێنراو لە ماڵەوە و بەکارهێنانی دژ بە ئامانجە مەدەنییەکان.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، کە پۆلیسی ئەو وڵاتە ئەو کەسەیان لە شاری ‘هامبۆرگ’ دەستگیرکردووە، هەروەها ژمارەیەک ناونیشانی دیکەشیان لە بەندەری باکوور و لە شارۆچکەی ‘کامپتن’ی باشووریش پشکنیوە.

سەرلەبەیانی دوێنێ سێشەممە نزیکەی 250 پۆلیس بەشداربوون لە ئۆپەراسیۆنەکەدا و دەستیان بەسەر کەرەستەکاندا گرتووە کە لەنێویاندا ماددە کیمیایی هەیە و بۆ دروستکردنی بۆمب بەکارهێنراوە.

دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دەڵێن لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەو گەنجە تەمەن 28 ساڵە و برا تەمەن 24 ساڵەکەی دەستیپێکردووە.

بە پاڵنەرەکانی “بیروڕای توندڕەوی ئیسلامی و جیهادی”، گومان دەکرا ئەو دوانە پلانی هێرشێک بە “تەقەمەنیی دروستکراو” بۆسەر “ئامانجە مەدەنییەکان” ئەنجام بدەن.

دەوترێت برا گەورەکە لە چەند هەفتەی رابردوودا بازاڕی ئۆنلاینی ‘ئیبەی’ و دابینکەرانی دیکەی بەکارهێناوە بۆ کڕینی کەرەستەکانی دروستکردنی تەقینەوە.

خوشک و براکەی کە لە شاری ‘کامپتن دەژین، پێدەچێت بەشداربن لە پلاندانان بۆ ئەو هێرشە گوماناوییەدا.

پۆلیسی ئەڵمانیا رایگەیاندووە، ئەو گەنجە تەمەن 28 ساڵە پێشتر لەلایەن دادگاکانی ئەڵمانیاوە بە “دابینیکردنی پارە بۆ تیرۆر” تۆمەتبار کراوە.

نانسی فایسەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لە گوتەیەکیدا لەمبارەوە گوتی: “جارێکی دیکە روون بووەتەوە کە مەترسییەکانی تیرۆریزمی ئیسلامی تا ئێستا بە توندی بەردەوامی هەیە”.

لە لایەکی دیکەوە، داواکاری گشتی ئەو وڵاتە رایانگەیاندووە، ئاماژە هەیە بۆ ئەوەی هەفتەی رابردوو هێرشێک بە چەقۆ لە شاری ‘دویسبۆرگ’ بە “پاڵنەرێکی ئیسلامیی” ئەنجامدراوە.

گەنجێکی سووری تەمەن 26 ساڵ بە پەیوەندی لەگەڵ ئەو هێرشە لە هۆڵێکی وەرزشی لە رۆژئاوای شارەکە دەستگیرکراوە، کە بەهۆیەوە چوار کەس بە سەختی برینداربوون.

بەگوتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە، لە ساڵانی رابردوودا چەندین هێرشی توندوتیژی لە ئەڵمانیا لە لایەن “توندڕەوە ئیسلامییەکان”ەوە ئەنجامداوە، کوشندەترینیان هێرشی بارهەڵگرەکان بووە لە بازاڕێکی کریسمس لە بەرلین لە مانگی کانوونی دووەمی 2016 کە بووە هۆی کوژرانی 12 کەس.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: بەهزاد ئەحمەد