تورکیا دەیەوێت پێش هەڵبژاردن دانوستانەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق دەستپێبکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی پێی باشە پێش وادەی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە، کۆبوونەوەی سەرۆک کۆماری تورکیا و هاوتا سورییەکەی ئەنجامبدرێت، لە کاتێکدا وادەی وردی بۆ کۆبوونەوەی چوارقۆڵی داهاتوو لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوە لە مۆسکۆ دیاری نەکرد.

مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند، رەنگە لە سەرەتای مانگی ئایاردا کۆبوونەوەی سەرۆک کۆماری رووسیا، ئێران، سوریا و تورکیا کە تایبەتە بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق بەڕێوەبچێت.

بەڵام لێدوانەکەی چاوشئۆغڵو و بەرپرسانی دیکەی چوار وڵاتی (تورکیا، رووسیا، ئێران، سوریا) هێشتا وادەی وردی بۆ دیاری نەکراووە.

لێدوانەکەی لە کاتێکدایە کە بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە مۆسکۆی پایتەخت شایەتحاڵی کۆبوونەوەی چوارقۆڵی بێت لەسەر ئاستی هەواڵگری و بەرگری.

چاوشئۆغڵو لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا کە میدیاکانی رووسیا بڵاویانکردەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، “پێشنیار هەیە لە مانگی ئایاردا ئەو کۆبوونەوە ئەنجامبدرێت، کە زۆر نزیکە لە وادەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا، کە وابڕیارە چواردەهەمی هەمان مانگ ئەنجام بدرێت، بەڵام هێشتا لەسەر کاتی کۆبوونەوەکە رێکنەکەوتوون لە ئێستا کار لەسەررێککەوتن لەسەر راگەیاندنی بەروارێکی دیاریکراوە دەکرێت، وەک خۆی گوتی.

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەنقەرە پێی باشترە دانوستانەکانی نێوان ئەردۆغان و ئەسەد پێش هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامبدرێت، چاوشئۆغڵو بە ئەرێنی وەڵامی دایەوە.

وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لە ئەگەری کۆبوونەوەی ئەردۆغان و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر کرد، ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەر هەیە دوای هەڵبژاردنەکانی تورکیا کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە ئەنجام بدرێت.

لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوەدا کە تورکیا پلانی نییە سوپاکەی لە سوریا بکشێنێتەوە و گوتی، “ئاسایشی نەتەوەییمان لە هەموو شتێک گرنگترە، ئێمەش لێرە باجەکەی دەدەین بۆ ئەوەی زەوییەکەمان سەلامەت بێت، ئێمە هیچ داواکاریمان لەسەر خاکی سوریا نییە”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر