لە باکووری حەسەکە سێ منداڵ گیانیان لەدەستدا و دووانی دیکەش برینداربوون
تل تەمر – نۆرس پرێس
دوێنێ دووشەممە، لە ئەنجامی تەقینەوەی هاوەنێکی پاشماوەکانی جەنگەوە، لە گوندێکی سەر بە شارۆچکەی تل تەمر لە باکووری حەسەکە، سێ منداڵ گیانیان لەدەستدا و دوو منداڵی دیکەش برینداربوون.
لوئەی بەکر، کارگێڕ لە نەخۆشخانەی ‘شەهید لەکرین’ لە تل تەمر بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “پێنج منداڵ کە چوار خوشک و برایان لە یەک خێزانن، لە بارودۆخێکی ناجێگیردا گەیشتوونەتە نەخۆشخانەکە، لە گوندی عەین ئەلعەبدەوە لە رۆژهەڵاتی شارۆچکەکەوە هێنرابوون بۆ نەخۆشخانەکە لە نزیکەی کاتژمێر 7:45ی ئێوارەی دوێنێ، لە ئەنجامی تەقینەوەی پاشماوەکانی جەنگەوە.”
‘بەکر’ ئاماژەی بەوەشکرد، دەستبەجێ دووان لە منداڵەکان گیانیان لەدەستداوە، ئەوانیش (مەریەم خدر عەوەیس تەمەن 10 ساڵ و خوشکەکەی ئیتیدال تەمەن 9 ساڵ)بوون.
جگە لەوەش (عەبدولعەزیز ئەلوەیس تەمەن 8 ساڵ و زەهرا الاویس تەمەن 14 ساڵ و دیا ئەلوەیس تەمەن 9 ساڵ) بەهەمان شێوە بریندار بوون.
‘بەکر’ ئاماژەی بەوەشکرد، نەخۆشخانەکە فریاگوزاری سەرەتایی بۆ بریندارەکان کردووە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دوانیان بە سەختی برینداربوون، هەروەها گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ‘ئەلرەجا’ لە حەسەکە.
ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی خۆجێی رایگەیاند کە (عەبدولعەزیز ئەلوەیس تەمەن 8 ساڵ) یش بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە، بەمشێوە رێژەی گیانلەدەستدانەکان بەرزبوویەوە بۆ سێ منداڵ.
سەرچاوەیەکی خۆجێی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو رووداوە بەهۆی گولە هاوەنێکەوە بووە کە لە شەڕدا نەتەقیوەتەوە ، پێدەچێت هی هێزەکانی تورکیا بووبێت لەکاتی بۆردومانی پێشوویان بۆ گوندی ‘عەین ئەلعەبد’، کە ئەو گوندە یەکێکە لە گوندەکانی نزیک هێڵەکانی بەرکەوتن.