لە گوندەوارەکانی ڕۆژهەڵاتی دەرعا دوو کەس کوژران و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون

دەرعا – نۆرس پرێس

ڕۆژی دووشەممە، لە ئەنجامی شەڕی نێوان دوو بنەماڵەدا لە شاری حراک لە گوندەوارەکانی ڕۆژهەڵاتی دەرعا دوو کەس کوژران و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.

سەرچاوە ناوخۆییەکان بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاندووە، دوو کەس لە بنەماڵەی زامیل کوژراون و دوو کەسیش لە بنەماڵەی سەلامات برینداربوون، ئەمەش لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانێکدا کە چەکی سووک تێیدا بەکارهێنراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی نیشتمانی لە شاری ئەزرەع لە گوندەوارەکانی ڕۆژهەڵاتی دەرعا و باری تەندروستیان ناجێگیرە.

سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە، ئەو دوو خێزانە خەڵکی شاری حراک، هۆکاری کێشەکەش بۆ ناکۆکییەکی کۆنی نێوان ئەو دوو بنەماڵەیەدا دەگەڕێتەوە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، ئەو شەڕ و پێکدادانە بووەتە هۆکاری ئەوەی کە زۆربەی دوکانەکان لە ترسی تەقەکان دابخرێن.

بەهۆی تێکچوونی بارۆدۆخی ئەمنی ناوچەکە، کۆشتن لە پارێزگای دەرعا لە زیادبووندایە، هێزە ئەمنیەکانی حکومەت چاودێریان بەسەر ناوچەکەدا نییە.

ئامادەکردنی: ئیحسان محمد – داڕشتنەوە: سەعەد یازچی