هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دوشەممە لەڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، تیمەکانیان توانیویانە پێنج هاوڵاتی عێراقی لە سودان بگەڕێننەوە بۆ عێراق.
هەروەها ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاندووە، دوێنێ 14 هاوڵاتی دیکە لەخەرتومی پایتەختی سودان بۆ ناوچەی بۆرتسودان گواستراونەتەوە چونکە مەترسی لەسەر شوێنەکانیان هەبوو.
ئاماژەی بەوەشکردوە، چاودێریکردنی رەوشی هاوڵاتیانی عێراق لەسودان، لەژێر سەرپەرشتی راستەوخۆی فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ئەنجامدەدرێن، بەردەوامیش دەبن بۆ گواستنەوەی سەرجەم ئەو کەسانە بۆ بەغدای پایتەخت.
ئەوەشی خستەڕو، ژمارەی گەرم تەرخانکراو هەیە بۆ وەرگرتنی پەیوەندی و وەڵامدانەوەی بانگەوازی هاوڵاتیان.
بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، شەڕ و پێکدادانی نێوان سوپای سودان بە سەرکردایەتی عەبدولفەتاح بورهان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بە سەرکردایەتی محەمەد دەگەلۆ لە دوای تەقینەوەی 15ی نیسانەوە تا ئێستا زیاتر لە 400 کەس گیانیان لەدەستداوە.