ئەڵمانیا..هاوڵاتییەکی سوریی تۆمەتبارە بە بریندارکردنی چوار کەس لە هۆڵێکی لەشجوانی

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، 24ی نیسانی 2023، دوای تێپەربوونی پێنچ رۆژ بەسەر هێرشکردن بە چەقۆ لە هۆڵێکی وەرزشی شاری دویزبورگی ئەڵمانیا، پیاوێکی سوری لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بە تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشەکە دەستگیرکرا و ئامادە دەبێت بۆ دادگای بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا.

رۆژی یەکشەممە 23ی نیسانی 2023، پۆلیس و داواکاری گشتی ئەڵمانیا لە راگەیەندراوێکدا رایانگەیاند، “هێرشکارەکەی رۆژی سێشەممەی رابردوو لە ماڵەکەیدا دەستگیرکراوە. گەنجێکی تەمەن 26 ساڵانە و خەڵکی سوریایە.” 

داواکاری گشتیی دویزبورگیش دەڵێت، “دوو چەقۆ لە ماڵی تۆمەتبارەکەدا دۆزراونەتەوە.” 

تۆمەتبارەکە هەفتەی ڕابردوو، بە چەقۆ هێرشیکردەوە سەر هۆڵێکی لەشجوانی لە شاری دویزبورگ لە رۆژئاوای ئەڵمانیا، هەر لەو هێرشەدا چوار کەس بە سەختی برینداربوون.

ئەو تۆمەتبارە لە ساڵی 2016دا بە سەرکەوتوویی داوای مافی پەنابەری لە ئەڵمانیا کردووە و پێشتر هیچ پێشینەیەکی تاوانی نەبووە، لە کاتێکدا دەسەڵاتداران رایانگەیاندووە کە هێشتا لێکۆڵینەوە لە پاڵنەرەکانی سەر هێرشەکە دەکەن.

بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکان، بەرپرسان رایانگەیاندووە، وادیارە هێرشبەرەکە زۆرترین برینداری کردووەتە ئامانج یەکێکیان پیاوێکی تەمەن 21 ساڵە و تاوەکو ئێستا باری تەندروستی بە ناجێگیری ماوەتەوە.

قوربانییەکانی دیکەش پیاون کە دوو کەسیان تەمەنیان 24 ساڵە و یەکێکیان تەمەنی 32 ساڵە.

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 24ی نیسانی 2023، ئەو گەنجە سورییە کە ناوەکەی تائێستا ئاشکرا نەکراوە لەبەردەم دادوەر ئامادە بێت بۆ ئەوەی دیاری بکات کە ئایا دەتوانرێت بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ کوشتن و تاوانی دیکە رابگیرێت یاخود نا، تاوەکو ئەگەری تۆمەتەکانی بخرێتە پاڵ.

ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی هەینی، پۆلیسی ئەو وڵاتە، وێنەی کەسێکی داواکراوی لە هێرشەکەدا بڵاوکردەوە، دوای ئەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە کامێرای چاودێری وەرگرت کە دەکەوێتە نزیک هۆڵە وەرزشییەکە کە درەنگانی سێشەممەی رابردوو هێرشەکەی تێیدا روویدا.

دەسەڵاتداران پێشنیازى پاداشتى دوو هەزار یۆرۆى (2200 دۆلار)یان بۆ هەر کەسێک کرد کە زانیاری لەبارەی ئەو کەسەوە هەبێت.