گیانلەدەستدانی ژنێکی کرێکار و برینداربوونی یەکێکی دیکە لە ئەنجامی تەقینەوەی چێشتخانەیەک لە دیمەشق

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ی نیسانی 2023، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆرییەکی غاز لە چێشتخانەیەکی دیمەشقی پایتەخت، کرێکارێکی ژن گیانی لەدەستدا و یەکێکی دیکەش بریندار بوو.

وەزارەتی ناوخۆیی حکومەتی سوریا لە رێگەی هەژمارە فەرمییەکانییەوە بڵاویکردەوە: “هەواڵێکمان لە بنکەی پۆلیسی رۆژهەڵاتی ئەلمەیزە پێگەیشتووە، سەبارەت بە تەقینەوەی بۆری غاز لە چێشتخانەیەک، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی کرێکارێکی ژن لە چێشتخانەکە و برینداربوونی کەسێکی دیکە”.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکرد، بەشی پۆلیسی رۆژهەڵاتی ئەلمەیزە و لقی هاتووچۆی دیمەشق هەروەها گروپێک لە تیمی ئاگرکوژێنەوەی شارەکە و بەرگری شارستانی پێکەوە هاوکار بوون بۆ کۆنترۆڵ کردنی بارودۆخەکە و بەشدارییان کردووە، هەروەها بریندارەکەش رەوانەی نەخۆشخانە کراوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

ئەمە لەکاتێکدایە لە ناوەڕاستی مانگی شوباتدا، لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەیەک لە ماڵێکی شاری یەبرودیی گوندەکانی دیمەشق، منداڵێک گیانی لەدەستدا و باوکیشی بریندار بوو.

لە کۆتایی مانگی یەکی ساڵی رابردوودا کەسێکیش لەدیمەشق بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە ماڵەکەی گیانی لەدەستدا.