ئەمریکا باڵیۆزخانەکەی لە سودان داخست و داوای ئاگربەستی بەپەلە دەکات

ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس

زیاد لە هەفتەیەکە لە سوودان شەڕێكی خوێناوی لەسەر دەسەڵات هەیە، پاڵەوانەكانی ئەو شەڕە بریتین لە دوو هاوپەیمانی پێشووی دوای كودەتاكانی سەر عومەر بەشیر و حكومەت و هێزە مەدەنییەكان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەمەریكا دیپلۆماتكارەكانی لە خەرتووم دوور خستنەوە و باڵوێزخانەكەی داخست، ئەوانەش ئاماژەی مەترسیدارن.

ئێستا لە سوودان و سەرەڕای هەوڵێكی زۆری نێودەوڵەتی بۆ ئاگربەست و چارەسەركردنی ئاڵۆزییەكانی ئەو وڵاتە، سوپای سوودان و هێزەكانی پاڵپشتی خێرای ناوچەی سەربازی، كە پێشتر هاوپەیمانی یەكتر بوون، ماویەكە دژ بەیەك وەستاونەتەوە و شەڕێكی خوێناوی لە شار و ناوچە گرنگەكانی سوودان دەكەن، بەو هۆیەوە سەدان كەس بوونەتە قوربانی.

ئەمڕۆ خاتوو مۆلی، یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ئەفریقیا رایگەیاند كە وڵاتەكەی پێشبینی ناكات بەمنزیكانە دۆخی سوودان گۆڕانكاری بەسەردا بێت، بەدووریشی زانی لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەمەریكا هاوئاهەنگی بكات بۆ دوورخستنەوەی زیاتری هاووڵاتییانی لە سوودان.

دوای شەڕێكی سەختی چەند رۆژە، جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاند كە دیپلۆماتكارەكانی وڵاتەكەی لەو وڵاتە دوورخستووەتەوە، بۆ ئەو مەبەستە سوپاسی هەریەك لە سعوودیە و ئەسیوپیا و جیبووتی كرد بۆ یارمەتیدانیان لەو كارە.

بایدن داواشیکرد هەردوو لایەنی شەڕ بەزووترین کات ئاگربەست رابگەیه‌نن و رێز لە بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیانیان بگرن و رێگە بدەن هاوکاری مرۆییان بگاتە دەستیان.

دوای ئەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند كە دوای دوورخستنەوەی هەموو دیپلۆماتكارە ئەمەریكییەكان و خێزانەكانیان، كارەكانی باڵوێزخانەی واشنتۆن لە خەرتووم بە شێوەیەكی كاتی راگرتووە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆش هێزێكی تایبەتی ئەمەریكا لە رێگەی فڕۆكەیەكی سەربازییەوە، تەواوی دیپلۆماتكارانی ئەمەریكا و خێزانەكانیان لە خەرتوومەوە بەرەو شوێنێكی سەلامەتتر لە دەرەوەی سوودان گوازرانەوە، ئەوەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەكانی پاڵپشتی خێرا، كە یەكێكە لە لایەنە شەڕكەرەكان لە سوودان.