لە باکوری شاری دەرعا ئەفسەرێک و دوو کەسی تر کوژران

دەرعا – نۆرس پرێس

رۆژی شەممە، ئەفسەرێکی هێزەکانی حکومەت و دوو هاوڵاتی کە برابوون لە گوندەوارەکانی باکوری دەرعا کوژران.

سەرچاوە ناوخۆییەکان بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاندووە، لە هێرشێکی چەکداریدا لە بازگەیەکی سەربازی لە جەرگەی شاری ئەلحارە لە باکوری گوندەوارەکانی دەرعا، نەقیب ئەحمەد یەحیا کوژراوە.

سەرچاوەکە باسی لەوەشکرد، لەکاتی هێرشی چەکداریدا بو سەر بازگەکە و تەقەکردنی کارمەندانی بازگەکە لەو چەکدارانە، دوو برا بە ناوەکانی عەلی و خالد کوژران.

هێزەکانی حکومەت تەرمی ئەو دوو گەنجەیان گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سەربازی شاری ئەلسەنمەین لە گوندەوارەکانی باکوری دەرعا.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەدا، ئەو دوو برایە خەڵکی شاری  ئەلحارەن و هاوڵاتی سڤیل بوون و سەر بە هیچ ڵایەنێکی سەربازیش نەبوون.

هەروەها سەرچاوەکە ئاشکرایکرد،  کە ئەو ئەفسەرەی کە کوژراوە لە ڕیزەکانی فیرقەی حەوتی هێزەکانی حکومەتدا کاردەکات، خەڵکی گوندی ئەلمەزارعە لە گوندەوارەکانی پارێزگای حۆمس.

چالاکوانانی پارێزگای دەرعا هۆکاری بەردەوامی بەئامانجکردنی بازگەکانی حکومەتیان بۆ ئەو پێشێلکارییانە گەڕاندەوە کە ئەندامانی هێزەکانی حکومەت لە بازگەکاندا ئەنجامیدەدەن.

ئامادەکردنی: ئیحسان محەمەد – داڕشتنەوە : تەیسیر محەمەد