وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: واشنتن دژ بە گەڕانەوەی سوریایە بۆ نێو کۆمکاری عەرەبی
هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ شەو، ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانی رۆژانەیدا سەبارەت بە هەوڵەکانی وڵاتانی عەرەبی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا و گەڕاندنەوەی ئەو وڵاتە بۆ نێو کۆمکاری عەرەبی رایگەیاند: واشنتن دژی ئەو هەنگاوەیە و لەگەڵ ئەوەش نییە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەسەد ئاسایی بکەنەوە.
پاتێڵ گوتی، “هەڵوێستی ئێمە نەگۆڕدراوە لەو پرسەدا، ئێمە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ رژێمی ئەسەد ئاسایی ناکەینەوە، لەوکاتەی بەرەوپێشچوونێکی راستەقینە نەبێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ ناکۆکییەکە. ئێمە بەردەوامین لەوەی روونی بکەینەوە بە ئاشکرا و بە نهێنیش لەگەڵ هاوبەشەکانمان، لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ناوچەکەش کە لەگەڵ رژێمی سووریا لە گفتوگۆدان، جەختمان لەسەر ئەوە کردووەتەوە، پێویستە باشترکردنی دۆخی مرۆیی و ئاسایشی سوورییەکان، خاڵی لەپێشینەی هەر گفتوگۆیەک بێت و ئەمەش خاڵێکە ئێمە بەردەوام جەختمان لەسەر کردووەتەوە.”
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاندووە، “ئێمە خۆمان پەیوەندییەکانمان لەگەڵ رژێمی ئەسەد ئاسایی ناکەینەوە و لەگەڵ ئەوەش نین هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان ئەو هەنگاوە بنێن، بەڵام هەموو وڵاتێک سەربەخۆیە چ بڕیارێک دەدات.”