یەکێتی جوتیارانی سوریا: ئەو نرخەی حکومەت دیاریکردووە بە دڵمان نییە و لێی رازی نین

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

ئەحمەد ساڵح ئیبراهیم، سەرۆکی گشتی یەکێتی جوتیارانی سوریا، رایگەیاند، حکومەتی سوریا نرخی گەنمی بۆ ساڵی 2023 بۆ هەر کیلۆیەک 2300 لیرە دەستنیشانکردووە، بەڵام ئەم نرخە کۆتا نرخ نییە.

رۆژی سێشەممەی رابردوو، حکومەتی سوریا نرخی کڕینی بەروبوومی گەنم و جۆی لە جووتیاران بە 2300 لیرەی سوری بۆ هەر کیلۆیەک گەنم، 2000 لیرەی سوریشی بۆ هەر کیلۆیەک جۆ دیاریکرد.

ئەحمەد ئیبراهیم، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆییەکی ناوخۆیی سوریا رایگەیاند، دەستنیشانکردنی ئەوە بڕە پارەیە بۆ هەر کیلۆیەک گەنم و جۆ زۆر کەمە و بە دڵی جوتیاران نییە.

سەرۆکی گشتیی یەکێتیی جوتیارانی سوریا دەلێت: “تێچوونی بەرهەمهێنانی گەنم و جۆ زۆرن بۆ جووتیار، بۆیە “شەڕ دەکەین بۆ بەرزکردنەوەی نرخی گەنم”.

 ئاماژەی بەوەشکرد، پێش وەرزی دروێنەکردن، کۆنفرانسێک سەبارەت بە دانەوێڵە لە سەرەتای مانگی ئایاردا بەڕێوەدەچێت و لە کاتی کۆنفرانسەکەدا نرخی دانەوێڵە دیاریدەکرێت. سەبارەت بە جۆ ئاماژەی بەوەدا کە  نرخەکەی تاڕادەیەک قبوڵکراوە، تەنها داوای چالاککردنی پرۆسەی بە بازاڕکردنی دەکەین.