وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەگەڵ سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە ئەنقەرە کۆبووەوە

ئیدلیب– نۆرس پرێس

دوێنێ چوارشەممە، ‘بوراک ئاکچابار’، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە ئەنقەرەی پایتەختی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و لەو میانەیدا پێشهاتەکان سەبارەت بە سوریایان تاوتوێ کران.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە رێگەی روپەڕی تویتەرەکەیەوە بڵاویکردەوە، کە ‘ئاکچەبار’ لە بارەگای وەزارەتی دەرەوە “میوانداری ‘سالم ئەلمسلات’ی، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی شۆڕش و ئۆپۆزسیۆنی سوریا، هەروەها ‘بەدر جاموس’، سەرۆکی لیژنەی دانوستانەکانی، و ‘عەبدولڕەحمان مستەفا’ی سەرۆکی حکومەتی کاتی سوریای کرد.”

لەکاتێکدا وەزارەتەکە هیچ وردەکارییەکی دیکەی لەسەر ئەو تەوەرانە نەخستەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا باسی لێوەکراوە، ئۆپۆزسیۆنیش هیچ لێدوانێکی لەمبارەوە نەداوە.

ئەم دیدارە لەژێر رۆشنایی هەوڵە بەردەوامەکانی ئەنقەرەدایە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق، ئەمە لەکاتێکدایە کە ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەهەموو پێکهاتەکانییەوە بێدەنگن بەرامبەر بەئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و دیمەشق، بەڵام لەبەرامبەردا بەتوندی رەخنە لە سەردانەکانی لایەنە عەرەبیەکان دەگرن بۆ دیمەشق و لێدوانەکانی دیمەشق بە پێویستی بۆ گەڕانەوە بۆ “باوەشی عەرەب” رەتدەکەنەوە.

غەسان ئەلیوسف، شرۆڤەکاری سیاسی، لە لێدوانێکی پێشوویدا بۆ نۆرس پرێس، رایگەیاندووە، “دەستەواژەی دروست کە گوزارشت لە ئۆپۆزسیۆنی سەر بە تورکیا دەکات ئەوەیە کە تورکیا بە سیاسەتی “ئەنجام بدە و ناڕەزایەتی پیشان مەدە” مامەڵەی لەگەڵ دەکات.”

ئامادەکردن و دارشتنەوەی: مالین محەمەد