حەسەکە – نۆرس پرێس
دوێنێ چوارشەممە، ئاوی وێستگەی بیرەکانی عەلووک گەیشتە ماڵەکانی شاری حەسەکە و شارۆچکەکانی، ئەمەش دوای نزیکەی شەش مانگ دێت لە بچڕانی لە لایەن تورکیا و گروپەچەکدارەکانی سەر بەوانەوە.
تورکیا و گروپەچەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی دڵسۆزی، نزیکەی شەش مانگ لەمەوبەر تا ئەمڕۆ بەتەواوی وێستگەکەیان داخست.
عیسا یونس، هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی خواردنەوە لە حەسەکە، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “دوای گەیشتنی بڕێک ئاو لە وێستگەی بیرەکانی “عەلووک”ەوە بۆ وێستگەی “ئەلحەممە”، پرۆسەی پەمپکردنی ئاو بە ئاراستەی شارۆچکەی ‘تووێینە’ بۆ چەند کاتژمێرێک، وەک فریاگوزارییەک دەستی پێکرد، دوای ئەوە پرۆسەی پەمپکردن بەرەو گەڕەکی ‘ئەلنەشوا’ دەستیپێکردەوە، لە باشووری رۆژئاوای حەسەکە.”
ئاماژەی بەوەشکرد، “بەپێی نێوەندگرییەکان و ئەو زانیاریانەی دەستیان کەوتووە، 19 بیر لە وێستگەکە و 4 پەمپ لە کۆی 30 بیر و 8 پەمپی ئاسۆیی دەستیان بەکار کردوەتەوە، بەڵام بەپێی داتاکان ئەم ژمارەیە نادروستە بەهۆی لاوازی پەمپکردن کە دەگاتە شاری حەسەکە.”
رێکخراوی ‘یونیسێف’ بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی حەسەکە دەستوەردانی کردبوو و پەیوەندی بە لایەنی تورکییەوە کردبوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پەمپکردنی ئاو، لەسەر ئەوە رێککەوتبوون کە ئاو بنێردرێت و لە بەرامبەردا بەڕێوبەری خۆسەری کارەبا بدات بە ناوچە کۆنتڕۆڵکراوەکانی ژێردەسەڵاتی تورکیا لە باکووری حەسەکە.
هەروەها رێککەوتن کراوە کە لە 27ی مانگی ئازاری رابردوودا تەزووی کارەبا بگەیەنرێت، بەڵام لەئەنجامی تێکچوونی زۆر لە تۆڕی کارەبای کارەبا لە ناوچەکانی کۆنترۆڵی تورکیا و بوونی هەڵە و شکاوی لە هێڵی ئاودا لەو ناوچانە، گەشتنی ئاوەکە بۆ شاری حەسەکە نزیکەی 25 رۆژ دواکەوت.