پرۆسەی ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان لە رۆژئاوایی کوردستان بەردەوامە
رەقە – نۆرس پرێس
فەرمانگەی داد و کاروباری چاکسازی لە ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، 22 دەستگیرکراویان لە زیندانی ناوەندیی رەقە ئازاد کرد.
رۆژی چوارشەممە، 19ی نیسانی 2023، ئەنجومەنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی بۆ باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە راگەیەندراوێکدا گوتی: ” ژمارەی ئەو دەستگیرکراوان کە ئازادکراون 22 کەسن، ئەوەش لەسەر بنەمای هەڵسوکەوتی باشی زیندانییەکان هەروەها تەواوبوونی ماوەی چارەکێکی سزاکانیان.”
یەکشەممەی رابردوو، فەرمانگەی داد و کاروباری چاکسازی ژمارەیەک تۆمەتباری دەستگیرکراوی لە گرتووخانەی ناوەندیی حەسەکە ئازاد کرد.
ئازادکردنی ئەو تاوانبارانە لەسەر بنەمای بڕیاری ئەنجومەنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی دێت کە باڵاترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا.
لە رووی یاساییەوە، زیندانیكراوەکان دەتوانن سوودمەند بن لە بریاری فەرمانگەی داد و کاروباری چاکسازی بە مەرجێک کەسی تاوانبار داواکارییەکی نووسراو پێشکەشی دەسەڵاتی دادوەری بکات، دادگاکەش بە چەند مەرجێک داواکارییەکە قبوڵ دەکات، وەک رەفتاری باش، پێشکەشکردنی داواکارییەکە، پێدانی پێبژاردن.