ئیسرائیل خاڵێکی هێزەکانی حکومەت لە باشووری قونەیتەرە دەکاتە ئامانج
دەرعا – نۆرس پرێس
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 18ی نیسانی 2023 سەرچاوە ناوخۆییەکان رایانگەیاند، کە هێزەکانی ئیسرائیل بنکەیەکی سەربازی هێزەکانی حکومەتیان، لە گوندەکانی باشووری قونەیتەرە کردە ئامانج.
سەرچاوەکان بە نۆرس پرێسیان گوت: “هێزەکانی ئیسرائیل بە چەندین مووشەک چەند ناوچەیەکیان لە لیوای 90ی فیرقەی حەوتەمی هێزی سوریایان کردە ئامانج”.
سەرچاوەکان رایانگەیاندووە کە بەئامانجگرتنەکە دوای سەردانەکانی “کەسایەتییە سەربازییەکانی ئێران و حیزبوڵلای لوبنان” بووە و بەنهێنیش چاودرێری سنوورەکان لەگەڵ بەرزاییەکانی جۆلان کراوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، یەکەمجار نییە ئەم ناوچانە کە کەمتر لە 2 کم لە سنووری بەرزاییەکانی جۆلانەوە دوورە، بکرێتە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بە بڵاوکراوەکانیان هۆشدارییان داوە بە هێزەکانی حکومەت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران و حیزبوڵلای لوبنان، بەتایبەتی لیوای 90 و فیرقەی 7ی هێزی سوریا.
لە 19ی تشرینی دووەمی 2020، فڕۆکە ئیسرائیلییەکان نووسینگەی فەریق ئەکرەم ئەحمەد حەویجە، فەرماندەی فیرقەی 7ی میکایان کردە ئامانج، لە نزیک شارۆچکەی زاکیە، لە گوندەکانی دیمەشق، ئەمەش پاش مانگێک دوای ئەوەی فڕۆکە ئیسرائیلییەکان بڵاوکراوەکانیان خستە خوارەوە و ئاگاداریان کردنەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران و حیزبوڵای لوبنان.