سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی جەژنی سەری ساڵ لە کوردانی ئێزدی دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کورستان بەبۆنەی جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەکان، کە بە “چوارشەممە سورەی ئێزیدییەکان” ناسراوە، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و “بە گەرمی و لە دڵەوە” پیرۆزباییان لێ دەکات. 

نێچيرڤان بارزانى لە پەیامەکەیدا دەڵێت، “سڵاو و رێز بۆ ماڵبات و کەسوکاری قوربانییانی ئێزدی دەستی تیرۆر، دڵمان هەمووکات لای ئەوانە”

 لە هەمان پەیامدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە بەردەوام دەبن لەسەر هەوڵەکانیان بۆ رزگارکردن و دیاریکردنی چارەنووسی ئەو کەسانەی کە رفێندراون.

جەژنی چوارشەممەی سوور یاخود سەری ساڵی ئێزدی، یەکێک لەو بۆنانەیە کە ساڵانە کوردانی ئێزدی لە سێیەمین چوارشەممەی مانگی نیسان (بە رۆژژمێری زایینی) تێیدا ئاهەنگ دەگێڕن. لەو رۆژەدا ئێزدییەکان لە ناوچە جیاجیاکانەوە سەردانی مەزارگە و شوێنە پیرۆزەکانیان دەکەن.

دوای تەواوبوونی رێوڕەسمە ئایینییەکان لەو رۆژەدا، خەڵک دەچنەوە ماڵەکانیان و پاشان بۆ پیرۆزکردنی ئەو جەژنە سەردانی یەکدیی دەکەن و خواردنی تایبەت دروست دەکرێت. ئێزدییەکان لەو رۆژەدا گوڵ لەسەر سەریان دادەنێن. 

مانگی نیسان لەلای کوردانی ئێزدی تایبەتمەندیی خۆی هەیە، لەو مانگەدا هیچ رێوڕەسمێکی بووک گواستنەوە ئەنجام نادەن. لەم جەژنەدا هێلکە رەنگ دەکەن و کچ و کوڕ دەچنە دەشت و دەر و گوڵی نیسان دەکەن و لە یەخەی یەکدی دەدەن.

دوای رەنگکردنی هێلکەکان، پیاوەکان توێکڵی هێلکەکان دەخەنە نێو زەوییەکانیان بۆ ئەوەی بە بڕوای خۆیان “بەرەکەت” بکەوێتە رزق و رۆزییان.