نوێنەرانی ئەمریکا: نابێت وەڵامدانەوە نێودەوڵەتییەکانی بومەلەرزە سوود بە “ئەسەد” بگەێنن
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، داوای کرد، “نابێت رژێمی ‘ئەسەد’ بتوانێت سوود لە وەڵامدانەوە نێودەوڵەتییەکانی بوومەلەرزەکە وەربگرێت، بەتایبەتی لەلایەن ئێرانەوە، کە تۆمەتبارە بە قۆستنەوەی کارەساتەکان بۆ ناردنی چەک بۆ ئەو ناوچانە”.
سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران “مایکل ماکول” و سەرۆکی لێژنەی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و ئاسیای ناوەڕاست “جۆ وێڵسۆن” لە وەڵامی ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن کە ئێران بوومەلەرزەکە دەقۆزێتەوە، راگەێنراوێکیان بڵاوکردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، هەردوو لیژنەکە تیشکیان خستۆتە سەر گواستنەوەی چەک بۆ سوریا لەژێر ناوی ئەرکەکانی فریاگوزاریدا.
هەروەها ئەم نیگەرانیانە لە دانیشتنی رۆژی سێشەممەی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ سوریا بە شێوەیەکی بەرفراوان تاوتوێ کران.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئێران لەژێر ناوی فریاگوزاری بومەلەرزەدا راستەوخۆ چەک دەگوازێتەوە بۆ سوریا.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەو لێخۆشبوونە بەرفراوانەی سزاکان کە لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە سەپێنراوە، رێگە خۆشدەکات بۆ ئەسەد و ئێران کە بتوانن هەوڵەکانی فریاگوزاری بومەلەرزە خراپ بەکاربهێنن.”
لیژنەکان داوایان لە ئیدارەی ئەمریکا کرد کە بە ئاشکرا “یارمەتیدانی بوومەلەرزە” بەپێی مۆڵەتی گشتی 23 دیاری بکات.
چەندین ڕاپۆرتی ڕۆژئاوایی باسیان لەو پرسە کرد کە ئێران سوودی لە پرۆسەکانی بەرپەرچدانەوەی بوومەلەرزە وەرگرتووە، کە تاڕادەیەک سزاکانی سەر دیمەشقی سووک کرد و دەرگاکانی بۆ سەردانەکان کردەوە، لەوانەش سەردانی نەتەوەیەکگرتووەکان.
لە لایەکی دیکەوە، بە پێی راپۆرتە ئیسرائیلییەکان، کە زنجیرەیەک هێرشیان بۆ سەر سوریا لە ماوەی مانگی رابردوودا ئەنجامداوە و بارەگاکانی ئێرانیان لەو وڵاتە کردوەتە ئامانج ، کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بەوە تۆمەتبار کردووە کە سوود لە بوومەلەرزەکە وەرگرتووە بۆ دابینکردنی چەک بۆ ئەو رژێمی “ئەسەد”.