دیمەشق – نۆرس پرێس
لیرەی تورکی دابەزینی بۆ نزمترین ئاست لە مێژوودا بەرامبەر بە دۆلار تۆمارکرد، ئەمەش هاوکاتە بە نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و یاسادانان کە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری داهاتوودا ئەنجامبدرێت، کە رەنگە ببێتە هۆی یەکەم گۆڕانکاری سیاسی لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا.
بەهای لیرەی تورکی 19.5996 لیرە بۆ هەر دۆلارێک دابەزی، کە لە دوای خستنەبازاڕی لیرەی نوێ لە مانگی یەکی ساڵی 2005 دابەزینێکی بێ وێنەیە.
دابەزینی بەردەوامی بەهای لیرەی تورکی لە کۆتایی ساڵی 2021ەوە دەستیپێکردووە، سەرەرای گرتنەبەری رێوشوێنەکانی پاڵپشتیکردنی ئەو دراوە، بەڵام هەڵاوسان و سەرمایەگوزاری دەرەکی وایانکردووە کە لیرەی تورکی بەردەوام بەهاکەی بشکێت.
کەمال کلیچدارئۆغڵو، نەیارە سەرەکیەکەی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و یاسادانانی 14ی ئایاردا، بەڵێنیدا ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتوو بێت، پەناببات بۆ جۆرێک لە بنەمای ئابووری کە سەربەخۆیی بۆ بانکی ناوەندی بگێڕێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی ئێستا بەردەوامە لە بانگەشەی هەمان پڕوپاگەندە، بەڵام لەگەڵ دابەزینی بەهای دراو لە سەردەمی حوکمڕانییدا، وڵات چووەتە دۆخێکی نادڵنیایی و نائارامیەوە و کاریگەری لەسەر جەماوەری ئۆردۆغان هەبووە.