بەیاننامەیەکی هاوبەشی سوریا و تونس بڵاوکرایەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

ڕۆژی سێشەممە، دانیشتن و گفتوگۆ لە نێوان شاندی وەزیری دەرەوەی سوریا، فەیسەڵ میقداد و شاندی هاوتا تونسییەکەی، نەبیل عەمار لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی تونس بەڕێوەچوو، لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

بەیاننامە هاوبەشەکەی سوریا و تونس بریتی بوو لە چڕکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە قۆناغی داهاتوودا بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ڕاوێژ و هەماهەنگی لەسەر پرسە جۆراوجۆرەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەدا و هەروەها کارکردن بۆ کۆکردنەوەی لیژنەیەکی هاوبەش و دەستپێکردنەوەی هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەتایبەتی لە بوارەکانی ئەمنیدا.

هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، بەهێزکردنی هاوکارییەکان لە بواری ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تاوانەکان و تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و بەهێزترکردنی هاوکارییەکانی بواری کونسوڵگەری و مرۆیی، و کارکردن بۆ بانگهێشتکردنی لیژنەی کونسوڵگەری هاوبەش لە زووترین کاتدا تاوتوێکراون.

لە میانەی دیدارەکەدا تونس جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئاسایش و سەقامگیری سوریا ئاسایش و سەقامگیری تەواوی ناوچەکەیە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: سەعەد یازچی