لە لوبنان گرژی و ئالوزی لە نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیس دروست بوو

دیمەشق – نۆرس پرێس

رۆژی سێشەممەی ڕابردوو، لە ناوەڕاستی بەیروتی پایتەختی لوبنان، گرژی لەنێوان خۆپیشاندەرانی لوبنان و پۆلیسی ئەو وڵاتەدا دروست بوو.

 ئەمڕۆ خۆپێشاندەڕانی لوبنان بەرەو گۆڕەپانی ڕیاز سولح لە ناوەندی شاری بەیروت کەوتنەڕێگا، لەپێناو بەشداریکردن لەو خۆپیشاندانەی کە کۆمەڵەی وەبەرهێنەرانی لوبنان و کارمەندانی سەربازی خانەنشینی ڕایانگەیاندووە، بەڵام هێزیکی زوری ئەمنی لەو شوێنی بەرێوەچوونی خۆپێشاندانەکە جێگیرکرابوون.

خۆپیشاندەران دەرگای چوونە ژوورەوە بۆ ڕیاز سولح و زەکاک ئەلبلاتەوە داخست، ئەمەش لەکاتێکدایە کە سوپای لوبنان و پۆلیس لە دەروازەکانی باڵەخانەی حکومەتدا جێگیرکرابوون.

هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسکڕێژیان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران بەکارهێناوە چونکە خۆپێشاندەران هەوڵیان دەدا تەلی سیم لە دەوروبەری گراند سێرایل لاببەن.

میدیاکانی لوبنان بڵاویانکردووەتەوە، بەهۆی گازی فرمێسکڕێژییەوە لە بەردەم بینای حکومەت لە ناوەندی شاری بەیروت، چەندیین خۆپیشاندەر توشی تەنگە نەفەس بوون.

سەربازە خانەنشینەکان و خۆپیشاندەران لە لوبنان داوای زیادکردنی مووچەی خانەنشینی دەکەن بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە  لیرەی لوبنانی بەو‌پێیەی کە یەک دۆلار  100  هەزار لیرەی لوبنانی تێپەراندوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: سەعەد یازچی