40 تۆن هاوکاری پزیشکی لە کینیاوە دەگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

فڕۆکەیەکی پڕ لە هاوکارییە پزیشکییەکان گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق، کە لەلایەن دەوڵەتی کینیا دابینکرابوو، لە چوارچێوەی پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ ئەو کەسانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.

مانگی سووری عەرەبی سوریا باری هاوکارییە پزیشکییەکانی وەرگرتووە، کە 40 تۆن بووە.

ئەندازیار خالد حبوباتی، بەرپرسی مانگی سووری عەرەبی سوریا، رایگەیاند، “سوریا بۆ ماوەیەکی زۆر پێویستی بە هاوکاری هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاردانەوەی کارەساتی بوومەلەرزەکەی 6ی شوبات روویدا”، ئاماژەشە بۆ ئەوەی مانگی سووری سوریا بەشداری لە کۆبوونەوەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی خاچی سووردا بکات کە لە 25ی نیسان لە جنێڤ لەگەڵ وڵاتانی بەخشەر بەرێوەدەچێت.

لە بەرامبەردا ئەحمەد عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکان لە پزیشکانی بێ سنوور رایگەیاند، ئەو بارەی هاوکارییەی کە پێشکەشی ئەو کەسانە کراوە کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، وەجبەی دووەمی هاوکارییە کە رەوانەی مانگی سووری عەرەبی سوریا لە تەرتوس دەکرێت، بۆ ئەوەی بەسەر ئەو کەسانەدا دابەش بکرێت کە زیانیان بەرکەوتووە.

عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەدا کە ئەم فڕۆکەیە ئەم کەرەستانەی لەخۆگرتبوو: “خێمەی پەناگە، شیری منداڵ، کەرەستەی نەشتەرگەری”، ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆ لەگەڵ مانگی سووری عەرەبی سوریا دەکرێت، بۆ ئەوەی بگەنە هەندێک لێکتێگەیشتن بۆ ئەوەی هەردوو رێکخراوەکە بتوانن پێکەوە کاربکەن بۆ گەیشتن بە هەموو پێویستیەکان و خەڵکی زیانلێکەوتوو لە سوریا.