دیمهشق – نۆرس پرێس
رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، سالم عەبدوڵا سەباح، وەزیری دەرەوەی کوێت سەردانی دیمەشق دەکات.
سەرچاوەیەکی حکومەتی کوێت، ڕۆژی سێشەممە 18ی نیسانی 2023 رایگەیاند، دوای کۆبوونەوەی کەنداوی عەرەبی کە هەینی ڕابردوو لە جەددە بەڕێوەچوو، وەزیری دەرەوەی کوێت هەڵوێستی وڵاتەکەی دوپاتکردەوە و داوای پاراستنی یەکێتی و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریای کرد.
عەبدوڵا ئاماژەی بەوەدا کە سوریا وڵاتێکی گرنگی عەرەبییە و بەردی بناغەی سیستەمی ئاسایشی نەتەوەیی عەرەبییە و سوریاش وەک وڵاتێکی عەرەبی لە مێژوودا بەشدارییەکی گەورەی کردووە کە ناتوانرێت لە دەوڵەمەندکردنی شارستانیەتی مرۆڤایەتیدا پشتگوێ بخرێت.
لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوو دەرگای سوریا بە رووی وڵاتانی عەرەبیدا کرایەوە بۆ ئاساییکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق، بە تایبەتی دوای پچڕانێک کە بۆ ماوەی زیاتر لە 12 ساڵ بەردەوام بوو، سەرەتا بە کردنەوەی باڵیۆزخانەی تونس لە دیمەشق و گەڕانەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان تونس و سوریا دەستپێکرد، ئێستاش سعودیە و کوێت و چەند وڵاتێکی دیکە دەیانەوێت لە سەر هەمان رێگە پەیوەندییەکان ئاسایی بکرێتەوە.