ڕەوشی كەش و هەوای هەرێمی کوردستان

هەولێر – نۆرس پرێس

بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە کە لە روژانی پێنچشەممە و هەینی و شەممەدا کەشی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان نیمچە ناسەقامگیر دەبێت، واتە بەشێك لە ناوچە شاخاوییەكان ئەگەری نمە بارانی كەمی هەیە و لە زۆربەی كاتەكاندا ئاسمان بە گشتی نیمچە هەور دەبێت.

 بەرزترین پلەكانی گەرما لە سەنتەری شارەكان لە نێوان 25 بۆ28 پلەی سیلیزی و لە ناوچە شاخاوییە بەرزەكانیشدا لە نێوان 15-18 پلەی سیلیزی و ناوچە نیمچە شاخاوییەكانیش 20 بۆ 24 پلەی سیلیزی دەبێت.

هەروەها دەڵێت، رۆژی پێنجشەممە ئاسمان نیمچە هەور و هەندێ كات بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت، ئەگەری باران لەسەر ناوچە شاخاوییەكان و سەنتەری شاری دهۆك و دەوروبەری لەگەڵ بەشێك لە ناوچە جیاجیاكانی پارێزگای هەولێر هەیە و پلەكانی گەرماش بە گشتی كەمێك نزم دەبێتەوە.

ڕۆژی هەینی ئاسمان نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ ئەگەری باران بارین لەسەر ناوچە شاخاوییەكان و بەشێك لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، پلەکانی گەرماش نزم دەبنەوە لە 2 بۆ 3 پلەی سیلیزی.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ڕۆژی شەممە ئاسمان نیمچە هەور دەبێت،  و پلەكانی گەرماش کەمێک نزم دەبنەوە.

هاوكات بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی راشیگەیاند، ئەگەری گۆڕانكاری لەكەش و هەوادا هەیە لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژە لە ئەنجامی نا جێگیری كەشی ناوچەكەمان.