بەڕێوبەری خۆسەر دەسپێشخەرییەک بۆ چارەسەری ئاشتیانەی قەیرانی سوریا رادەگەێنێت
رەققە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، دەستپێشخەرییەکی خستەڕوو کە بە “چارەسەری ئاشتیانە بۆ قەیرانی سوریا” ناوی برد، دوابەدوای شکستی سەرجەم دەستپێشخەرییە نێودەوڵەتییەکان، داوای لە حکومەتی دیمەشق کرد، بە گوێرەی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، رێوشوێنی بەپەلە بگرێتەبەر بۆ “چارەسەرەییەکی خێرا و ئامادەیی بکات بۆ گفتوگۆیەک و سامانی وڵات لەگەڵ هەمووان هاوبەشی پێبکرێت”.
ئەمەش لە راگەیەندراوێکدا هات کە لەبەردەم بارەگای ئەنجومەنی جێبەجێکردنی بەڕێوبەری خۆسەر، بە ئامادەبوونی هاوسەرۆکایەتیی ئەنجومەنی گشتی جێبەجێکردن و ئەندامانی ئەنجومەنەکە و هاوسەرۆکایەتی بەڕێوبەرایەتییە خۆسەری و مەدەنییەکان پێشکەشکرا.
خۆسەری ئەوەشی خستەڕوو، “هەوڵدەدەین هەنگاوی پێویست بنێین بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری، بەتایبەتی کە تا ئەم ساتە دەستپێشخەرییە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان و دەستپێشخەرییەکانی وەک (جنێڤ – ئاستانە – لیژنەی دەستووری- و ئەوانی دیکە) نەگەشتوونەتە هیچ ئەنجامێکی بەرچاو بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی یەکجارەکی بۆ قەیرانی سوریا”.
داوایان لە حکومەتی دیمەشق کرد هەڵوێستی بەرپرسیارانە پیشان بدات و رێوشوێنی بەپەلە بگرێتەبەر کە یارمەتیدەر بێت بۆ سەرکەوتنی چارەسەرییەکە.
لە راگەێنراوێکدا جەخت لەسەر یەکڕیزی ناوچەکانی سوریا کراوەتەوە، هەروەها ئامادەیی بەڕێوبەری خۆسەر پیشاندراوە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەتی دیمەشق و دەستپێکردنی دیالۆگ لەگەڵیان بە بەشداریپێکردنی لایەنەکانی دیکەی سوریاش، بەمەبەستی راوێژ و گفتوگۆکردن بۆ خستنەڕووی دەستپێشخەریەکان و دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانی سوریا.
هەروەها دابەشکردنی سەروەت و سامان و سەرچاوە ئابوورییەکانی وڵات بەسێوەیەکی “دادپەروەرانە” بەسەر هەموو ناوچەکانی سوریادا، بە نەوت و گاز و بەروبوومی کشتوکاڵیشەوە، چونکە سەرجەم گەلانی سوریا خاوەندارێتییان دەکەن، هەروەها پێویستی هاوبەشکردنیان لەڕێگەی رێککەوتنێکەوە لەگەڵ حکومەتی دیمەشق بە گفتوگۆ و دانوستانی ئاشتیانە.
لە راگەێنراوەکەدا جەختیان لەوەکردەوە کە بەڕێوبەری خۆسەر بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و درێژەدان بە جەنگی داعش و ئەو رێکخراوانەی کە هەڕەشە لە ئاسایشی سوریا و جیهان دەکەن.
داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو هێزە نێودەوڵەتییەکان کرد کەوا لە پرسی سوریادا چالاکن، رۆڵێکی ئەرێنی و کارا بگێڕن، بەشداربن لە چارەسەرێکی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی سوریا و بەڕێوبەری خۆسەر و هێزە دیموکراسییە نیشتمانییەکان و پەرەپێدانی چارەسەرێکی دیموکراسی و ئاشتیانە لە سوریا.
لەو راگەێنراوەدا، بەڕێوبەری خۆسەر پێی وایە، چارەسەرێکی روون و گونجاو لەبەردەستە، کە ئەوان پێشنیاری دەکەن بۆ هەموو لایەنەکان بۆ بنیاتنانی بنەمای گفتوگۆ و رێککەوتنی داهاتوو، داواشیان لە هەموو لایەک کرد لە قۆناغی ئێستادا بەشداری لەو گفتوگۆیەدا بکەن، لە ڕێگەی خێراکردنی هەوڵەکان بە ئامانجی کردنەوەی ئەو گرێ کوێرە و کۆتاییهێنان بە ململانێ، بە شێوەیەک کە پێچەوانەی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش نەبێت.