بە موشەک هێرش کرایە سەر کونسوڵخانەی تورکیا لە موسڵ

هەولێر- نۆرس پرێس

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، چوارشەممە، هێرشێكی مووشەكی كرایە سەر دەوروبەری بارەگای كونسوڵخانەی توركیا لە موسڵ لە باكووری رۆژئاوای عێراق، كە پێدەچێت لەلایەن “مقاوەمە”ی عێراقیەوە ئەنجامدرابێت.

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە شاری مووسڵ بە نۆرس پرێسی راگەیاند، هێرشەکە بە چەند مووشەکێک لە دوای نیوەی شەوی رابردو، لە نزیک بینای کونسوڵخانە لە گەڕەکی ئەلحەدبە لە سەنتەری شارەکە روویداوە.

ئاماژەی بەوەشکرد،هێرشەکە جگە لە زیانی مادی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

جگە لەوەش، سەرچاوەیەکی دیکە ڕایگەیاندووە، کە هێرشەکە بە ئەگەرێکی زۆر لە لایەن “مقاوەمە”ی عێراقیەوە وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکەی پەرخێ کە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە هاوینەهەوارەکە رویدا و بووە هۆی کوژران و برینداربوونی لانیکەم 40 هاوڵاتی مەدەنی و منداڵیشیان تێدابوو.

هێرشە مووشەکییەکە دوای بۆردومانێکی دیکە هات لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، کە بنکەی زلیکانیان لە بەعشیقە لە باکووری موسڵ کردە ئامانج، کە سەر بە تورکیایە و داوای لێکراوە خاکی عێراق بەجێبهێڵێت.

فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، لە میانی دانیشتنی ئەنجوومەنی ئاسایش کە نیوەشەوی رابردوو بەڕێوەچوو، جەختی کردەوە لە پێویستە هێزە سەربازییەکانی تورکیا عێراق جێبهێڵن تا سەروەری وڵاتەکە پارێزراوبێت.