هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئۆپەراسیۆنێک دژ بە “داعش” لە سەر سنووری تورکیا ئەنجام دەدات

قامشلۆ – نۆرس پرێس

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئۆپەراسیۆنێکیان لەدژی سەرکردەیەکی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە شاری جەرابلوس، گوندەواری باکووری رۆژهەڵاتی حەڵەب لەسەر سنووری تورکیا ئەنجامدا، دواتر سوپای ئەمریکا کوژرانی سەرکردەکەی داعش و دوو ئەندامی تری رێکخراوەکەی راگەیاند.

گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، عەقید جۆ بۆسینۆ ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی ئەمریکی لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، سەرکردە و پلاندانەرێکی دیاری “داعش”ی کردە ئامانج.

ناوبراو بە سی ئێن ئێن-ی راگەیاندووە، “پێمان وایە لەو هەڵمەتەدا سەرکردەیەکی دیاری داعش لە سوریا کوژراوە، کە پلاندانەری کردەوە تیرۆریستییەکان و بەرپرسی پلاندانانی هێرشە تیرۆریستییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا بووە”. بە بێ ئەوەی ناسنامەی ئەو سەرکردەیەی کە کراوەتە ئامانج ئاشکرا بکات.

بۆسینۆ رایگەیاندووە کە دوو ئەندامی چەکداری دیکەش لە هەڵمەتەکەی ئەمریکادا کوژراون، بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکەوە هیچ سەربازێکی ئەمریکی زیانیان بەرنەکەوتووە و کۆپتەرە ئەمریکییەکە نەخراوەتە خوارەوە، بەپێی راگەێنراوەکە.

سەرچاوە خۆجێییەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنێکی نیشتنەوە لە گوندی “سویدە” لە گوندەواری جەرابلوس ئەنجامدراوە، کە ماڵی “مەعن ئەبو زیا”ی کردۆتە ئامانج، پێشتر یەکێک بووە لە سەرکردەکانی رێکخراوی “داعش”، تا وەدەرنانی داعش و هەڵاتنی لە مونبیج، پەیوەندی بە گروپی چەکداریی بەناو “سوقور شیمال”ەوە کردووە کە سەر بە “جەیش وەتەنی” لایەنگری تورکیان.

سەرەتا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، پێیان وایە ئەو سەرکردەیە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کوژرابێت، بەڵام راپۆرتی دژبەیەک لەوبارەیەوە هەبووە، ماڵپەڕە میدیاییەکان باس لەوە دەکەن، کەسێک لە نزیک شارۆچکەی غەندوورە لە گوندەواری جەرابلوس خۆی رادەستکردووە، بەڵام دواتر سوپای ئەمریکا لە سوریا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر کوژرانی سەرکردەکەی پشتڕاست کردەوە، بەبێ ئەوەی ناسنامەی سەرکردە کوژراوەکەی داعش بدرکێنێنن.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەگید مشمش