دیمەشق – نۆرس پرێس
رۆژی هەینی، وەزارەتی دەرەوەی لوبنان پێشوازی لە بەیاننامە هاوبەشەکەی سوریا و سعودیە دەکات کە لە دوای سەردانەکەی فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی سوریا بۆ سعودیە بڵاوکراوەتەوە.
رۆژی چوارشەممە لەبەیاننامەیەکی هاوبەشدا سعودیە و سوریا ، دەستپێکردنەوەی خزمەتگوزارییە کونسوڵگەرییەکان و گەشتەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان ڕاگەیاند، کە بەهۆی شەڕی بەردەوامی سوریا لە ساڵی 2011وە ڕاگیرابوون.
لەبەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی لوبنان رایگەیاند، لوبنان نزیک بوونەوەی سعوودیه و سووریا به ڕز دەنرخێنیت بۆ هاوکاری و هەماهەنگی زیاتری نێوان هەردوولا لەپێناو گەڕانەوەی ئاوارە سوورییەکان بۆ زێدی خویان، هەروەها ئامادەیی لوبنانی بۆ کۆتاییهێنان بە ئازاری ئاوارەکانی ئەو وڵاتەی راگەیاند.
ئاماژەی بەوەشدا، پشتیوانی و هاندانی هەموو هەوڵێکی عەرەبی دەکات بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ قەیرانی سوریا که یەکپارچەیی خاک و سەروەری و سەقامگیری وڵاتەکەی بپارێزرێت.
باسی لەوەشکرد، پشتگیری لە درێژکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر هەموو ناوچەکانی سوریا دەکات، بە شێوەیەک کە هیوا و خواستەکانی سورییەکان بۆ ژیان بە سەلامەتی و سەقامگیری دەستەبەربێت.
دوێنێ پێنجشەممە، وەزارەتی دەرەوەی عومان لە مەسقەت، پشتیوانی خۆی بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و سعودیە و گەڕانەوەی سوریا بۆ باوەشی وڵاتانی عەرەبی دوای دوورکەوتنی زیاتر لە 12 ساڵی راگەیاند.