نوێنەری پێکهاتە ناوخۆیی و عەشایەرەکانی حەسەکە: تورکیا پابەند نییە بە رێکارە نێودەوڵەتیەکانەوە
حەسەکە- نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، نوێنەرانی پێکهاتە ناوخۆییەکان و عەشایەرەکانی حەسەکە و گوندەوارەکانی ڕایانگەیاند، تورکیا پابەند نییە بە رێکارە نێودەوڵەتییەکانەوە و بەردەوامە لە شێواندنی ئاسایشی هەرێمی، هەروەها کار بۆ زیندووکردنەوەی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دەکات.
ئهمهش له راگهیهندراوێكدا هات كه ئهم لایهنانە له میانی كۆبوونهوهیەکیان له حهسهكهی رۆژئاوای کوردستان بڵاویان كردهوه.
ئەو لایەنانەی راگەێنراوەکەیان بڵاوکردووەتەوە ئاماژەیان بەوە کردووە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی “بەڵێنەکانی بەرامبەر بە ناوچەکانمان جێبەجێ نەکردووە”.
پێکهاتە ناوخۆییەکان و عەشایەرەکان داوای ئاشتی و دیالۆگیان کرد “بۆ ئەوەی ناوچەکە لە شەڕ و ململانێی زیاتر ڕزگار بکرێت”.
هەروەک داواكاریی خۆیان لە رێگەی راگەێنراوەکەوە بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نوێ كردەوە كە قەدەغەكردنی فڕین بەسەر ناوچەكەدا بسەپێنێت، و رێوشوێنی توند لە دژی توركیا جێبەجێ بكات و لێپرسینەوە لە تاوانەكانی بكات.
پێشتریش هێز و لایەنە سیاسییە چالاكەكانی رۆژئاوای کوردستان داوایان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و رووسیا كرد، ناوچەی دژەفڕین بەسەر ئاسمانی ناوچەكەدا بسەپێنن، “بۆ رێگریكردن لە لەشكركێشییەكی نوێی توركیا كە زیان بە گیانی ملیۆنان دانیشتووی ئەو ناوچانە دەگەیەنێت”.