مەزڵوم عەبدی: مەرجی دانوستان لەگەڵ توركیا كۆتاییهێنانە بە داگیرکردنی خاكی سوریا
قامشلۆ – نۆرس پرێس
جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، سەرکردەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ئەلشەرق راگەیاند، “هەسەدە پەیوەندی لەگەڵ رژێمی سوریا هەیە و دەیەوێت پەرەی پێبدات”، هیوای خۆی دەربڕی كە هێزەكانی سوریای دیموكرات لە داهاتودا پەیوەندی بە سوپای سوریاوە بكەن و راشیگەیاند، مەرجی سەرەكی دەستپێكردنی دانوستانی ئێمە لەگەڵ توركیا، كۆتاییهێنانی داگیركاریە لەلایەن ئەو وڵاتەوە.
عەبدی بە ئاماژەدان بەوەی كە دژی گەڕاندنەوەی پەیوەندییەكانی دیمەشق لەگەڵ وڵاتانی دیكە نییە و پشتیوانی لە چارەسەری سیاسی لە سوریا دەكات، رونیشیكردەوە “هەسەدە هێزێكی سوریایە و بەشێكە لە سیستمی بەرگریكردن لە ناوچەكانی سوریا و هێزێكە كە دەبێت حسابی بۆ بكرێت و ژمارەی چەكدارەكانیشی 100 هەزار زیاترن”.
لە ساڵی 2019 سوپای سوریا داوای لە ئەندامانی هێزەكانی سوریای دیموكرات كردبوو بچنە نێو ڕیزەكانی، بەڵام ئەو هێزانە بانگهێشتەكەیان رەتكردەوە و جەختیان کردەوە لەسەر پێویستی گەیشتن بە “یەكلاییكردنەوەی سیاسی كە تایبەتمەندی خۆی بپارێزێت.”
ئاماژەی بەوەشكرد، “هەر گفتوگۆیەك سەبارەت بە چارەسەری سوریا دەبێت هێزەكانی سوریای دیموكرات لەبەرچاو بگیرێت، ئێمەش دەوڵەتی سوریا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیمان لەوە ئاگاداركردۆتەوە، بەو پێیەی هێزەكانی سوریای دیموكرات بەردەوامن لە شەڕی داعش، لە هەمان كاتدا ناوچەكانی خۆیان دەپارێزن، بە پێچەوانەوە هیچ چارەسەرێك و یەكلاییكردنەوەیەك قبوڵ ناكەین”.
لەبارەی پەیوەندییەكانی سوریا و توركیا باسی لەوەكردوە، “دژی هەر ڕێككەوتنێك بووە كە دەستی ئەنقەرە لە سوریا بکاتەوە و خوێنی هێزەكانی سوریای دیموكرات بەفیڕۆ بدات”، بەڵام ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ “دانوستان لەگەڵ توركیا بەو مەرجەی كە كۆتایی بە داگیركردنی خاكەكانی سوریا بهێنێت”.
مەزڵوم عەبدی ئەوەشی ئاشكراكردوە، “توركیا خاكەكانی ئێمە داگیردەكات و گەلەكەمانی لە عەفرین و سەرێكانی، گرێسپی ئاوارە كردوە، بەڵام ئەگەر ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ ئێمە بكات سەبارەت بە كۆتاییهێنان بە داگیركاری و گۆڕانی دیمۆگرافی و ڕاگرتنی هێرشەكانی بۆ سەر گەلەكەمان، ئەوا ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەنقەرە”.