دوای 12 ساڵ دیمەشق و ڕیاز خزمەتگوزاری کونسوڵگەری و گەشتە ئاسمانییەکان دەستپێدەکەنەوە
دیمهشق – نۆرس پرێس
سعودیە، ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، 12ی نیسانی 2023 دەستپێکردنەوەی خزمەتگوزارییە کونسوڵگەرییەکان و گەشتەکانی لەگەڵ سوریا ڕاگەیاند، کە بەهۆی شەڕی بەردەوامی ئەو وڵاتە لە ساڵی 2011ەوە ڕاگیرابوون.
ئەمەش لە میانەی راگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشی فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە و فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی سوریادا هاتووە.
ئەو دوو وەزیرە، لە راگەیەندراوەکەدا، دوای ڕاوێژەکانیان لە جەدەی سعودییە، ڕایانگەیاندووە، سەردانەکەی مقداد بۆ شانشینی یەکگرتوو لە وەڵامی بانگهێشتی هاوتا سعودیەکەیدا بووە، هەروەها باسیان لە هەوڵەکان کردووە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی سەبارەت بە قەیرانی سوریا “بە شێوەیەک کە گەرەنتی یەکڕیزی و ئاسایشی وڵات و شوناسە عەرەبی و ئیسلامییەکەی بکات”.
هەردوولا لەسەر گرنگی “چارەسەرکردنی کێشە مرۆییەکان، دابینکردنی کەشێکی گونجاو بۆ گەیشتن بە هاوکارییەکان بۆ هەموو ناوچەکانی سوریا و ڕەخساندنی هەلومەرجی پێویست بۆ گەڕانەوەی ئاوارە و پەناهەندە سوورییەکان بۆ خاک و وڵاتەکەیان و دەستەبەرکردنی گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناوچە زیانبەرکەوتووەکانی شەڕ”کۆک بوون.
جەختیشیان لە “بەهێزکردنی شەڕی تیرۆر لە هەموو ڕێکخراوەکانی و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و کۆتاییهێنان بە بوونی میلیشیا چەکدارەکان لە وڵاتەکەدا کردەوە”.
سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی سوریا، یەکەم سەردان بوو لە دوای پچڕانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە ساڵی 2011ەوە.
لە ساڵی 2011ەوە سعودیە بڕیاریدا سەرجەم پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی لەگەڵ سوریادا ببچڕێنێت و باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتەی لە سعودیە داخست و باڵیۆزەکەشی دەرکرد و باڵیۆزخانەکەی خۆشی لە دیمەشق داخست.
لە میانەی سەردانەکەدا بن فەرحان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ گایەر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا، “رێگاکانی دۆزینەوەی ڕێگەچارەی سیاسی بۆ قەیرانەکانی سوریا و هەوڵەکانی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانیان بۆ ئەو وڵاتە” تاوتوێ کرد.
بن فەرحان دووپاتیکردەوە، “پەرۆشی شانشینی یەکگرتوو خستەڕوو بۆ خستنەگەڕی هەموو هەوڵەکانی لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی لەبەرانبەر قەیرانی سوریا کە یەکێتی و ئاسایش و سەقامگیری و سوریا بپارێزێت”.
هاوکات بڕیارە سبەی هەینی، 14ی نیسانی 2023، کۆبوونەوەی عەرەبی کەنداو لە شاری جەدە بەڕێوەدەچێت بۆ تاوتوێکردنی شەڕی سوریا و ئەگەری گەڕانەوەی دیمەشق بۆ کۆمکاری عەرەبی.