جوڵەی کاروانێکی سەربازی روسی لە هێڵی بەرکەوتن لە باکووری حەسەکە

دەرباسییە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، کاروانێکی سەربازی روسی بە یاوەری کۆپتەری پارێزەری ئاسمانی بەرەو هێڵەکانی بەرکەوتن لە باکووری حەسەکە ڕۆیشت، ئەمەش دوای دوو ڕۆژ دێت لە پەرەسەندنی بۆردومانەکانی تورکیا لەو ناوچەیە.

بە وتەی شایەتحاڵێک کاروانەکە لە سێ زرێپۆشی سەربازی و سێ هێلیکۆپتەر پێکهاتووە، کاتژمێر نۆی بەیانی لە فڕۆکەخانەی قامیشلۆوە بەرەو گوندی ئەلئەسەدیەی سەر بە شارۆچکەی زەرکان بەڕێکەوتن کە دەکەوێتە سەر هێڵی جیاکردنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات  و گروپەکانی سەر بە تورکیا.

سەرچاوەیەکی سەربازی بە نۆرس پرێسی وتووە، کاروانەکە نەچووەتە ئەو گوندانەی کە شەڕ و پێکدادانیان تێدا بووە.

کاروانەکە تەنها بۆ هێزەکانی ڕووسیا سنووردار کرابوو، بێ ئەوەی هێزەکانی تورکیا بەشداری تێدا بکەن، وەک لە پێشتردا هەبوو.

دانیشتوویەک بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، ژمارەی ئەو کاروانە هاوبەشانەی رووسیا و تورکیا کە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا لە ناوچەکەدا ئەنجامیانداوە  گەیشتووەتە 12 کاروان.