چالاکی دابەشکردنی هاوکاری بۆ ماوەی 3 ڕۆژ بەردەوام دەبێت

قامشلۆ – نۆرس پرێس

لە شاری قامشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان، مانگی سووری کوردی و ڕێکخراوی نۆدەم بۆ خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان، هاوکارییان بەسەر کەمئەندامانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دابەش دەکات.

هاوکارییەکان بەگشتی لە 1000کارتۆن پێکهاتبوون کە لەسەر ئاستی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دابەشکران، 100 کارتۆن لەو هاوکاریانەش لە شاری قامشلۆ دابەش کران.

لە شارەکانی حەسەکە و ڕەقە بەردەوام هاوکارییەکان دابەش دەکرێن.

ئەنجومەنی هاوکاری دارایی مانگی سووری کوردی لە سەرەتای مانگی ڕەمەزانەوە هاوکاری کۆدەکەنەوە و بەشێوەی سەلەی خۆراکی بەسەر  خاوەن‌ پێداویستی تایبەت دابەش دەکەن.

هەروەها 1000 کارتونی هاوکاری، بەسەر کەمپەکانی ئاوارەکانی عەفرین لە قەزای شەهبا دابەشکران.

شیرین عەلی ئەندامی مانگی سووری کوردی، بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، وەک مانگی سووری کوردی و ڕێکخراوی نۆدەم بۆ خاوەن‌ پێداویستی تایبەت دەستمان بە چالاکییەکانی هاوکاریکردنی خاوەن پێداویستی تایبەت کردووە.

شیرین ئاماژەی بەوەشدا، سەرچاوەی ئەو هاوکارییانەی کە ئەمڕۆ لە شاری قامشلۆ و حەسەکە و ڕەقە بەسەر خاوەن‌ پێداویستی تایبەت دابەشکران لە سەرەتای مانگی ڕەمەزاندا لەلایەن مانگی سووری کوردییەوە کۆکراونەتەوە.

هەروەها شیرین وتیشی، چالاکییەکە بۆ ماوەی 3 ڕۆژ بەردەوام دەبێت و بەو هیوایەی کە هاوکاریەکانمان بگاتە سەرجەم خاوەن‌ پێداویستی تایبەت و هیوای شیفایان بۆ دەخوازین.