قامیشلۆ – نۆرس پرێس
له مانگی ڕه‌مه‌زاندا ڕۆژووگر ئاره‌زووی ئه‌وه‌ی هه‌یه سفره‌كه‌ی به جوانترین شێوه بڕازێنێته‌وه چ بە شیرینی بیت یاخود خواردنەوەکان، له‌م مانگه پیرۆزەشدا خواردنەوەکان داواکارییەکی زۆریان لەسەرە.
ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن هاوڵاتییه‌كی شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای كوردستانه، لە ناوه‌ڕاستی شه‌قامی بازاڕی “فتار”، بەجلوبەرگێکی تایبه‌ت ته‌مه‌رهه‌ند و سۆس ده‌فرۆشێت.
ده‌ڵێت “ئه‌م كاره‌م له‌باوباپیرانه‌وه بۆ ماوه‌ته‌وه و بۆ ماوه‌ی 25 ساڵه ئه‌وه پیشەی منه.

ئه‌حمه‌د ده‌شڵێت ئامادەکردنی ئەم خواردنەوانە كاتی ده‌وێت چونكه ” ته‌مه‌ر هیندی و سۆس پێویستیان بە ئاو و کات هەیە، ده‌بێت بۆ چەند کاتژمێرێک لەناو ئاوەکەدا بمێننە‌وه تاوەکو تام و ڕه‌نگی ئاوه‌كه بگۆڕێت و بۆ خواردنه‌وه ئاماده بێت.
گوتیشی هەر کیلۆ ته‌مه‌رهیندیێك 15 دەبەی خواردنه‌وه‌ی لێده‌رده‌چێت ئه‌وه‌ش قازانجێكی باشه بۆ ئێمه.
ئەوەشی گوت: “خواردنەوەی تەمیرهیندی و سوس له سروشته‌وه دروستده‌كرێت، بۆیه خواردنه‌وه‌یه‌كی ته‌ندروسته، جگه له‌وه‌ی تامێكی تایبه‌تی هه‌یه.
ئەحمەد گوتیشی: ” من پێش مانگی ڕه‌مه‌زان كاری فرۆشتنی كه‌لوپه‌لی جوانكاریم ده‌كرد، به‌ڵام ساڵانه له مانگی ڕه‌مه‌زاندا من كاره‌كه‌م ده‌گۆڕم بۆ فرۆشتنی خواردنه‌وه‌كان چونكه داواكاری له‌سه‌ر شیرەمەنی زیاتر ده‌بێت.
ئاماده‌كردن و داڕشتنه‌وه‌ی – نه‌سرین قادر