سیاسەتمەدارێکی عێراقی: هێرشەکەی تورکیا کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی “داعش”

ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس

سەرۆکی سەنتەری بیرکردنەوەی سیاسی لە عێراق ڕایگەیاند، هێرشەکەی ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە هەرێمی کوردستان، کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر پرۆسەی هەماهەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش.

ئاژانسی هەواڵی نۆرس پرێس، چاوپێکەوتنێکی لەگەل ئیحسان ئەلشەمەری، سەرۆکی سەنتەری بیرکردنەوەی سیاسی لە عێراق ئەنجامدا، لە چاوپێکەوتنەکەدا ئەلشەمەری تیشکی خستە سەر بۆردومانەکەی تورکیا لەو کاتەی کە فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریا دیموکرات لە سلێمانی بوو و بەشداری کردبوو لە کۆبونەوەیەکی هاوپەیمانی نێودەڵەوتی دژ بە داعش.

ئەلشەمەری ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەم هێرشە کاریگەرییەکی زۆری دەبێت لەسەر پرۆسەی هەماهەنگی لە نێوان هاوپەیمانانی دژی داعش، گوتی: ” لە کۆبونەوەکەدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی دیموکراتی کوردستان هەسەدە ئامادەبوون، بەڵام دەبوایە بەشداری بە حکومەتی فیدراڵی عێراقی بکردایە بۆ ئەوەی هیچ بیانوویەک نەدابایە دەستی تورکیا.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هێرشە تەنها پەیامێک نەبوو بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە، بەڵکو پەیامێک بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش تاوەکو هێڵە سورەکان لە پشتیوانیکردنی هەسەدە نەبەزێنێت.

سەرۆکی سەنتەری بیرکردنەوەی سیاسی لە عێراق دەلێت، بۆردومانەکە پەیامێکە بۆ حکومەتی عێراق کە بەخێرایی هەنگاو بنێت بۆ وەستاندنی چالاکییەکانی پەکەکە، یان داوای لێبکات کۆبونەوەکان لەگەڵ لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بکات بۆ ڕێگریکردن لە پشتیوانیکردن لە “پارتی کرێکارانی کوردستان”، هەروەها پەیامێکە بۆ ئەمریکا کە ئەنقەرە هاوکارییەکانی نێوان ئەمریکا و “هەسەدە” رەتدەکاتەوە.

ئیحسان ئەلشەمەری ئەوەشی خستەڕوو، کە ساڵانێکە ئاسمانی عێراق بەڕووی تورکیادا کراوەیە، هەمیشە بیانوو بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی لە عێراقدا بوونی هەبێت، بەو پێیەی دەیان بنکەی سەربازی تورکی بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی فیدراڵی هەن، پێشێلکارییەکانی تورکیاش بەردوام دەبن چونکە حکومەتی عێراق هیچ ڕێگرییەک ناکات، لە باشترین کاردانەوەدا حکومەتی عێراق یاداشتەکانی ناڕەزایەتی بڵاودەکاتەوە، هەر ئەمەش هۆکاری ئەوەیە کە تورکیا لە بەزاندن و دەستدرێژی بۆ سەر خاکی عێراق بەردەوامە.

ڕوونیشیکردەوە، سودانی لیژنەیەکی تایبەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە ڕاسپارد، ئەمەش هەنگاوێکی باشە و جۆرێکە لە دەستگەیشتن بە ڕاستییەکان، بەڵام هاوشێوەی دەیان لیژنەیە کە پێشتر ڕاسپێردرابوون بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی تورکیا، بەڵام تاوەکو ئێستا ڕاستییەکان ئاشکرا نەکراون، پێشبینی دەکەم کاری ئەم لێژنەیەش وەک ئەوانی دیکە بێزارکەر بێت.

ئەلشەمەری لە چاوپێکەوتنەکەیدا لە گەڵ ئاژانسی هەواڵی نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، کە پێویستە عێراق روو لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکات، تاوەکو ئەنجومەنی ئاسایش لە دژی تورکیا بەیاننامەی ئیدانەکردن دەربکات، هەروها گوتی، عێراق پێویستی بە هەڵوێستی عەرەبی هەیە، هەروەها دەبێت کۆمکاری عەرەبی دەست بە جموجوڵ کاریگەر بکات، نەک لەسەر ئاستی لێدوان و بەیاننامەکان.

لە کۆتایی دیدارەکەدا سەرۆکی سەنتەری بیرکردنەوەی سیاسی لە عێراق ترسی خۆی لە ئەگەری روودانی ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی تورکیا لە نێو خاکی عێراقدا نیشاندا، چونکە پێوابوو ئەو ئۆپەراسیۆنە دەبێتە هۆی تێکچوونی دۆخی عێراق، سەرلێشێواندنی حیسابەکانی عێراق و کاریگەرییەکی زۆر گەورەی لەسەر ناوخۆی عێراق دەبێت، بەتایبەتی ئەگەر ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکانی هەرێمی کوردستان قووڵتر ببنەوە.