ئەعرەجی لەگەڵ جێگری سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا کۆدەبێتەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، لە نووسینگەی خۆی لە عێراق، پێشوازی لە جێگری سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا، موتلو تۆکا و شاندێکی ئەمنی یاوەری کرد.
ئەعرەجی لەگەڵ جێگری سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا، موتلو تۆکا، نەخشەڕێگای چارەسەرکردنی کێشە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی نێوانیان تاوتوێکرد.
لە ڕاگەیەنراوێکدا ، نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ دووشەممە، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، لە نووسینگەی خۆی پێشوازی لە جێگری سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا، موتلو توکا و شاندی ئەمنی یاوەری کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە میانەی دیدارەکەدا پێداچوونەوە بە پێشهاتەکانی دۆخی ئەمنی ناوچەکە کرا، هەروەها بابەتەکانی پەیوەست بە ئاسایشی هەردوو وڵات و نەخشەڕێگایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان باسکران.
لای خۆیەوە توکا ئاماژەی بەوەدا، سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تورکیا گرنگ و ئەرێنی بوو، خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا دەربڕی.