خاچی سوور داوا لە ئوسترالیا دەکات 40 هاوڵاتییان لە کامپەکانی رۆژئاڤا وەربگرنەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور داوای لە ئوسترالیا کرد هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کە ژمارەیان نزیکەی 40 ژن و منداڵە، لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان وەربگرێتەوە.
رۆبەرت ماردینی، بەڕێوەبەری گشتی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور دەڵێت: “دۆخی فەرامۆشی ناتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر زیاتر بەردەوام بێت، چونکە هێشتا نزیکەی 40 هاوڵاتی بۆ ماوەیەکی نادیار دەستبەسەرن”.
مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو، حکومەتی ئوسترالیا چوار ژنی ئوسترالی و 13 منداڵی لە کامپی رۆژ لە رۆژئاوای کوردستان گەڕاندەوە کە ژن و منداڵی بیانی ئەندامانی داعشی لەخۆگرتبوو.
پێدەچێت نزیکەی 30 منداڵ و 10 ژن بە ڕەگەزنامەی ئوسترالیا لەوێ بمێننەوە، لەکاتێکدا حکومەت تا ئێستا هیچ ئەرکێکی دیکەی گەڕاندنەوەی بۆ وڵاتەکەی رانەگەیاندووە.
ماردینی ئاماژەی بەو بارودۆخە سەختە کرد کە تاکەکان لە کەمپەکاندا تێیدا دەژین، هەروەها نەوەیەک لە منداڵان کە “لە بارودۆخێکی ترسناکدا گەورە دەبن”.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا هانی حکومەتی ئوسترالیا دەدات بەردەوام بێت لە کارکردن لە رێگەی ئاستەنگە کردارییەکاندا بۆ گەڕاندنەوەی زیاتری هاووڵاتیانی بۆ وڵاتەکەی، ماردینی وتی “لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور، زۆر جددی بووە لە پێشنیارکردنی بۆ هەموو ئەو وڵاتانەی کە هاووڵاتییان لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا هەیە بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتەکانیان”.
ئەو بەرپرسەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە کە بنکەکەی لە شاری جنێڤە، ئاماژەی بەوەدا بانگەوازەکەی بۆ گەڕانەوەی هاووڵاتیان رێگری ناکات لە پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان لە لێکۆڵینەوە لە تاکەکان و گرتنەبەری رێوشوێن لە دوای پرۆسەکانی گەڕانەوە.
روونیکردەوە، “ئەمە بانگەوازێک نییە بۆ چاوپۆشی لە سزا بۆ هەر کەسێک لەو کامپانەدا” ، “دەبێت بەپێی رێکاری یاسایی و چوارچێوەی یاسادا سزا بدرێن”.
ئوسترالیا هاوشانی بەریتانیا و کەنەدا یەکێکە لەو وڵاتانەی، بە بڕیاری توندی حکومەتەکەیەوە پابەندە کە رێگری لە ئاسانکاری دەکات بۆ گەڕانەوەی هاوڵاتییەکانی و دەگاتە ئاستی هەڵوەشاندنەوەی رەگەزنامە، وەک ئەوەی لەگەڵ “بووکی داعش”ی بەریتانی، “شیمیە بێگوم” روویدا.
هەفتەی رابردوو کەنەدا 10 منداڵ و چوار ژنی لە کامپی روژەوە گەڕاندەوە، بەمەش ژمارەی ئەو وڵاتانەی ئەمساڵ هاوڵاتییان لە کامپەکان گەڕاندوەتەوە بۆ 10 وڵات بەرزبووەوە.
عێراق کە زۆرترین ژمارەی هاووڵاتییانی لەو کامپانەدا هەیە و ژمارەیان 30 هەزار کەسە لە کۆی 50 هەزار کەس لە کامپی هۆل، هەفتەی رابردوو داوایان لە ئەمریکا کرد داوا لە وڵاتان بکەن هاووڵاتیانیان وەربگرنەوە.
هەر لە ئێستاوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا لە وڵاتانی جیهان دەکات هاوڵاتیانی خۆیان بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان.
تا ئێستا نزیکەی 10 هەزار کەس لە زیاتر لە 60 وڵاتی دەرەوەی سوریا و عێراقەوە لە کامپەکانی “هۆل و رۆژ” نیشتەجێن لە رۆژئاوای کوردستان، بەپێی ئەو زانیاریانەی پێشتر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرایان کردبوو.