سیناتۆرێکی ئەمریکی: مەزڵوم عەبدی هاوپەیمانێکی “گرنگمانە” و بەئامانجگرتنی “قبوڵکرنەکراوە”

رەققە – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، سیناتۆرێکی ئەمریکی داوای کرد  لێکۆڵینەوەیەکی “گشتگیر” بکرێت و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی هێرشەکەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، بکرێت و ئەو هێرشەی بە “قبووڵنەکراو”ی ناوبرد.

رۆژی هەینی پێشوو، تورکیا بۆردومانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کرد، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو کاروانەی بەئامانجکرا ئەمریکییەکانی تێدا بووە، بەڵام هیچ زیانێکیان پێنەگەیشتووە، هاوکات “هەسەدە” رایگەیاندووە، جەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی، بە سەلامەتی گەیشتۆتەوە رۆژئاوای کوردستان و هیچ زیانی پێنەگەشتووە.

کریس ڤان هۆلن، سیناتۆری ئەمریکی لە تویتەر تویتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەم هێرشە مەترسی لەسەر ژیانی سەربازانی ئەمریکا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دروستکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی هاوپەیمانێکی گرنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە لە شەڕی دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)دا، هێرشەکەی بە “قبووڵنەکراو” ناوبرد.

مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات، تایبەت بە نۆرس پرێس ئاشکرای کرد کە لەگەڵ شاندێکی سەربازی هێزەکانی سوریای دیموکرات بووە، “بۆردومانەکە لەکاتێکدا بووە لەگەڵ سەربازانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر (CTG) لە کاروانێکدا بووین.”

ئاماژەی بەوەشکرد، لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ نۆرس پرێس، “ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان لەگەڵ دەزگاکانی دژە تیرۆر لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، بە ئاگاداری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، کە هەمیشە ئەنجامێکی باش بەدەستهاتووە لە بەرژەوەندی سەقامگیری “هەردوو لایەنی عێراق و سوریا”.

ئەو سیناتۆرە ئەمریکییە داوای کرد لێکۆڵینەوەی تەواو و گشتگیر بکرێتەوە و ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت لێپرسینەوە لە ” بەرپرسیارن”ی  ئەو هێرشەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، بکرێت.

لە کاتێکی پێشتری دوێنێدا، فیلیپ ڤێنتورا، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بە نۆرس پرێسی راگەیاندبوو، پنتاگۆن دژی هەر رێوشوێنێکە کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەلامەتی هێزەکانی ئەمریکا بکات.

ناوبراو درێژەی پشتیوانی بێ چەواشەکاری واشنتۆنی بۆ هاوپەیمانان لە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دووپاتکردەوە، بۆ دڵنیابوون لە شکستی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش).

لە بەیاننامەیەکدا ئەنجومەنی سوریای دیموکرات داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە ئاسمانی عێراق و سوریا لەبەردەم هێرشەکانی تورکیادا دابخەن وسەرکۆنەی ئەو رەفتارە “دوژمنانە و ئارەزوومەندانە” بکەن کە ئامانج لێی رێگریکردنە لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی “تیرۆر” و رێگریکردن لە هەر هاوکارییەک لە نێوان عێراق و سوریا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا لە چوارچێوەی جەنگی هاوبەشیاندا، دژ بە داعش.

هەروەها موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە تویتێکدا لە تویتەر، بەئامانجکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی سەرکۆنە دەکات و دەڵێت “ئەم بەئامانجکردنە پێشێلکارییەکی جددی سەروەری عێراقە و هەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیان”.

لە تویتەکەیدا داوای کردووە “لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکبهێنرێت بۆ زانینی بارودۆخی هێرشەکە و پێشکەشکردنی راپۆرتێکی بەپەلە، بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پاراستنی سەروەری و پاراستنی ژیانی خەڵک لە هەر هێرشێک”.

بەڕێوبەری خۆسەر لە راگەێنراوێکدا سەرکۆنەی دەستێوەردانەکانی تورکیای کرد و رایانگەیاند “ئامانج لێی دروستکردنی پشێوی و نائارامییە و هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا.”

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان