نەخۆشییەکانی پێست و ڕیخۆڵە بەهۆی پیسبوونی ئاوی فورات لە رۆژهەڵاتی ڕەقە لە بەرزبوونەوەدایە

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

ئەمرۆ یەکشەممە، 9ی نیسانی 2023،  کەسێکی کارگێڕ لە کۆمەڵەیەکی تەندروستی لە ڕۆژهەڵاتی ڕەقە، بەهۆی پیسبوونی ڕووباری فورات ئاماژەی بە زیادبوونی نەخۆشییەکانی پێست و ڕیخۆڵە لەنێو نەخۆشەکاندا کردووە.

لە مانگی شوباتی 2020ـەوە، تورکیا بەردەوام بووە لە ڕاگرتنی ئاوی فورات، سەرەڕای هۆشدارییەکان لەبارەی سەرهەڵدانی کارەساتێکی مرۆیی، دابەزینی ئاستی ڕووبارەکانیش هۆکار بووە کە ئاوی خواردنەوە پیس بکات و نەخۆشییەکانی وەک کۆلێرای بەدوای خۆیدا هێناوە.

ئیبراهیم ئەلمەهباش، بەڕێوەبەری سەنتەری کۆمەڵەی سەوسان، کە کۆمەڵەیەکی تەندروستیە و پاڵپشتی کلینیکێک دەکات لە شارۆچکەی کەرامەی ڕۆژهەڵاتی ڕەقە رایگەیاند، زیادبوونی حاڵەتەکانی وەک لە “سکچوونی توند، ڕشانەوە، هەوکردنی گەدە، هەوکردنی توندی ڕیخۆڵە، تای تایفۆید، نەخۆشییەکانی پێست و هەوکردنی جگەر” رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندایە.

ئەو بەرێوەبەرە لە بەیاننامەیەکدا بە نۆرس پرێسی راگەیاند کە هۆکاری ئەم نەخۆشیانە، نزمی ئاستی فورات و تێکەڵبوونی ئاوی ڕووباری بالیخە کە شیاوی خواردنەوە نییە لەگەڵ ئاوی رووباری فورات.

ئەلمەهباش ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانەی ئەم جۆرە حاڵەتانەیان هەیە و سەردانی نەخۆشخانە دەکەن مانگانە دەگەنە نزیکەی 200 حاڵەت، لەگەڵ هاتنی  وەرزی هاوینیشدا ژمارە زۆر زیاتر دەبێت.

دوای شەپۆلە باران بارینەی مانگی رابردوو، یەکەی ئاو لە  ناوچەی ئەلکەرەمە وێستگەکانی “ئەلجەدیدە و ئەلحوس” بەهۆی پیسبوونی ئاوەکە خزمەتگوزارییەکان راگیرا، هۆکاری پیسبوونی ئاوەکەش ئەوەیە کە وێستگەکە دەکەوێت سەر رووباری ئەلبەلیخ و  نزمیی ئاستی ئاوی فوراتیش هۆکارێکی دیکەیە.