سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لەگەڵ بەشار ئەسەد کۆبووەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنی پێنجشەممە، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە، فایەق زێدان، لە سەردانێکیدا بۆ سوریا لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا کۆبووەوەتەوە و “باسییان لە هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات کردووە بەتایبەت لەڕووی دادوەریەوە”.
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی “سانا”ی سەر بە حکومەت رایگەیاند، هەردوولا باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سوریا و ئەو ئاڵنگارییانە کردووە کە لەبوارە جیاجیاکانی “ئەمنی و تیرۆر”دا رووبەڕووی هەردوولا دەبێتەوە.
“سانا” لە زاری ئەسەدەوە دەڵێت: “هاوئاهەنگی لەنێوان هەردوولا لەبارەی دادوەری و یاساییەوە کاریگەریی لەسەر ئاسایشی هەردوو وڵات و سەقامگیرییان دەبێت.”
بەپێی ئاژانسەکە؛ سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق گوتوویەتی:” ئەوەی لە ساڵانی رابردوو بەسەر گەلانی عێراق و سووریا هاتووە وا پێویست دەکات هەردوو وڵات ئاستی هەماهەنگییان تا ئەوپەڕی بەرزبکەنەوە و هەموو بوارەکان بگرێتەوە و ئەوە کاریگەری لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی هەردوو وڵات دەبێت.”