بەغدا داوا لە واشنتۆن دەکات داوا لە هەموو وڵاتان بکات هاوڵاتییەکانیان لە کەمپی هۆل بکشێننەوە
دیمهشق – نۆرس پرێس
ئەمرۆ پێنجشەممە، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، داوای لە ئەمریکا کرد، هانی وڵاتان بدات، هاوڵاتییانی خۆیان لە کەمپی هۆلی رۆژئاوای کوردستانەوە بکشێننەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا رایگەیاندووە، ئەعرەجی، لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ ئالینا ڕۆمانوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنیان لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی لەگەڵ یەکدی تاوتوێ کردووە، جگە لە گفتوگۆکردن لەبارەی ئاوارەکانی کەمپی هۆل.
ئەم کەمپە دەکەوێتە شارى حەسەکەى رۆژئاواى کوردستان و لەژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سووریاى دیموکرات – هەسەدە دایە.
باڵیۆزی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا کە “کەمپی هۆل فایلێکی عێراقییە”، “ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی پێویست بۆ عێراق لەم مەلەفەدا نیشاندا، بەمەبەستی بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکە” .
لای خۆیەوە ئەعرەجی ئاماژەی بەوەدا کە هەندێک وڵات هاووڵاتیانی خۆیان لە کەمپەکە کشاندووەتەوە و داوای لە ئەمریکا کرد کە هانی وڵاتانی دیکە بدات.
باڵیۆزی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی “جدییە لە هاندانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ یارمەتیدانی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی کەمپی هۆل، هەروەها ئەو هاوڵاتیانەی کە دەمێننەوە بەهەمان شێوە بۆ وڵاتەکانیان بگەڕێندرێنەوە”.
کەمپی هۆل بە دووری 40 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، زیاتر لە 50 هەزار کەسی لە خانەوادەی داعش و پەنابەری عێراقی و کۆچبەری سووری تێدا نێشتەجێن، بەگوێرەی ئامارەکان زۆربەی کەسوکاری داعش لەو کەمپە خەڵکی عێراقن.
هاوکات هەردوولا باسییان له هاریکاری نێوان بەغدا و واشنتۆن له بواری به بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا کرد.