سلێمانی – نۆرس پرێس
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لەبارەی راگرتنی گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تا رۆژی 3ی تەمموز ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی ئەو فڕۆکانەدا داخستووە کە لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە گەشت دەکەن.
تانژو بیلگیچ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند: ‘لە سێی نیسانەوە، ئاسمانیی وڵاتەکەی بە ڕووی ئەو فڕۆکانەدا داخراوە کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەنیشنەوە یاخود گەشت دەکەن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راشیگەیاند، چڕبوونەوەی چالاکییەکانی پەکەکە لە سنوری پارێزگای سلێمانی ھۆکاری راگرتنی گەشتەکان بووە.
گوتیشی، لە قۆناغی یەکەمدا بڕیارەکە ھەتا 3ی تەمموزی 2023 کاری پێدەکرێت، تا ئەو رێککەوتە لە نزیکەوە چاودێری پێشھاتەکان دەکەن و لەژێر رۆشنایی پێشھاتەکاندا چاو بە بڕیارەکەدا دەخشێننەوە.
لە لایەکت تریشەوە، لە پرۆگرامێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی دەوڵەتی تورکیا کە ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە پەخشکرا، ئیبراهیم کاڵن باسی لە چالاکی و جموجۆڵەکانی پەکەکە لە سلێمانی کرد و رایگەیاند دوای وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکان، هەنگاوی دیکەش دەگرنەبەر.
لە بەشێکی گوتەکانیدا “کاڵن” باسی لە رووداوی کەوتنە خوارەوەی دوو هێلیکۆپتەرەکەی پارێزگای دهۆک کرد و گوتی “ئێمە چاودێریی بابەتەکە دەکەین، کێ ئەمەی پێدان و کێ پشتیوانیی دارایی پێشکەشکردن، هەروەها کێ راهێنانی فڕینی پێکردن، دەزانین لێرە چی روودەدات و کێن ئەوانە، بەڵام دەمانەوێ بزانین کێ لە پشتیانە”.
گوتیشی: “ئەوان بە هەر جۆرە هێز و توانایەکەوە دێن با بێن، تورکیا بە پێداگرییەوە بەردەوام دەبێت لە رووبەڕووبوونەوەیان”.
لەبارەی وەستانی گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی تورکیا بۆ سلێمانی کاڵن گوتی “ئێمە، گەشتە ئاسمانییەکانمان بەرووی سلێمانیدا داخست، هەروەها هەنگاوی زیاتریش هەیە کە بیگرینەبەر، لە سلێمانی یان لە کامپی مەخموور یانیش لە هەر شوێنێکی دیکە، ئێمە رێگەنادەین، پەکەکە لانە دروستبکات و ببێتە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتەکەمان”.