حکومەتی هەرێمی کوردستان 50 تۆن پێداویستی پزیشکیی رەوانەی تورکیا کرد

هەولێر – نۆرس پرێس

لە درێژەی کۆمەک و هاوکارییەکان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی تورکیا، ئەمڕۆ 50 تۆن دەرمان و پێداویستی پزیشکیی وەک کۆمەک و هاوکاری لە هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی ناوچە کارەساتبارەکانی تورکیا کرا.

لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی؛ پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو؛ کۆنسولی گشتیی تورکیا لە هەولێر، مەولود یاقوت و سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، موسا ئەحمەد بەڕێوەچوو کە تیایدا هەشت ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بەرەو تورکیا بەڕێکران.

وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا، گوتی: “دوای بوومەلەرزەکانی تورکیا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەکو یەکەمین ھەڵمەت لەسەر ئاستی جیھان گەیشتینە ناوچە کارەساتبارەکان لە تورکیا و سووریا و لەماوەی دوو ھەفتەدا، وەکو تیمی تەندروستیی ژمارەیەکی زۆر دەرمان و پێداویستی تەندروستیی پێشکەش کرا”.

گوتیشی: “لەسەر داواکاری تورکیا و لە رێگای کۆنسولی گشتیی تورکیا لە ھەولێر داوای ھاوکاریی دەرمان و پێداویستی تەندروستی کرا، چونکە تا ئێستاش ئەم کارەساتە دەرەنجامەکانی درێژەی ھەیە و ھەزاران قوربانی لێکەوتووەتەوە و بە دەیان ھەزاری دیکەش ئاوارەبوون، ھەر بۆیەش ئێمە وەکو وەزارەت ھەڵمەتێکمان راگەیاند بۆ کۆکردنەوەی دەرمان، توانیمان 50 تۆن دەرمان و پێداویستی پزیشکی ئامادە بکەین، ئەو دەرمانانەن کە رۆژانە لێقەوماوان پێویستییان پێیەتی و دەرمانەکانیش 258 بابەتی جیاوازە و تیمی وەزارەت بە فەرمی لەگەڵیان دەبن تا ئەو ھەشت بارھەڵگرە دەگەیەننە شاری ئادانا و لەوێ رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێن، ھاوکات تەواوی ئەو دەرمان و پێداویستییانەش بە فلتەرەکانی کوالێتی کۆنترۆڵدا تێپەڕیوون”.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر، مەولود یاقوت سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگای خێرخوازی بارزانی کرد بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان و گوتی: “ئەو بارھەڵگرانەی کە ئەمڕۆ دەچنە تورکیا، ئەوانە هەر دەرمان و پێداویستی پزیشکی ناگەیەنن بەڵکو پەیامی مرۆڤدۆستی دەگەیەنن کە ئەمەش بەلای ئێمەوە پەیامێکی دیکەیە بەو مانایەی کە ئێمە لەکاتی لێقەوماندا بەتەنیا نین و دۆستمان هەیە”.

هەروەها سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، موسا ئەحمەد تیشکی خستە سەر هەوڵەکانییان بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان و گوتی: “دوای بوومەلەرزەکانی تورکیا، ئێمە تا ئێستاش بەردەوامین لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و ئێستاش رۆژانە شەش ھەزار ژەمەخۆراکی گەرم پێشکەش بە لێقەوماوان دەکرێت لە ناوچە کارەساتبارەکان کە ئەمەش راسپاردەی سەرۆک مەسعود بارزانی-یە کە تا ئەو خەڵکە لەوێ پێویستی بە ئێمە بێت، ئەوا ئێمە بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنییان”.