خۆیشاندانێکی شەوانە لە ئیدلیب دژ بەئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ دیمەشق
ئیدلیب – نۆرس پرێس
شەوی دوێنێ چوارشەممە، شاری ئیدلب لە باکووری رۆژئاوای سووریا، ناڕەزایەتییەکی شەوانەی دژ بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق و سەرکۆنەکردنی نزیکبوونەوەی ئەم دواییەی عەرەبی لەگەڵ حکومەتی دیمەشق، بەخۆوەبینی.
سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی راگەیاند، دەیان هاوڵاتی شاری ئیدلب لە گۆڕەپانی “ساعە” لە ناوەندی شارەکە دوای نوێژی تەراویح، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، ئاساییکردنەوەیان لەگەڵ دیمەشق رەتکردەوە، لەو نێوەندەدا رێوشوێنی توند لەلایەن دەستەی تەحریرئەلشام (بەرەی نوسرەی پێشتر)ەوە گیرابوەبەر.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، خۆپیشاندەران لافیتە و دەستەواژەی جۆراوجۆریان بەرزکردۆتەوە کە رەنگدانەوەی رەتکردنەوەی جەماوەرییە بۆ ئاساییکردنەوەی نێوان دیمەشق و وڵاتانی عەرەبی، ریاز بەتایبەتی، خۆپیشاندەران داوای خۆپیشاندانی گەورەتریان لە سەرجەم دانیشتوانی ناوچەکانی باکووری سوریا کرد، کە بڕیارە سبەی هەینی بۆ رەتکردنەوەی هەرچەشنە ئاساییکردنەوەیەکی پەیوەندی لەگەڵ دیمەشق، ئەنجامی بدەن.
لە دوای ئەو بوومەلەرزەیەی کە چەند ناوچەیەکی سوریای گرتەوە، خێرایی نزیکبوونەوە و کرانەوەی عەرەبەکان بەڕووی دیمەشقدا زیاتر بوو، بەتایبەت لەگەڵ ریاز و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە کە کاریگەرییان لەسەر دۆسیەی سوریا هەبووە، ئەمەش لەکاتێکدایە هەوڵی وڵاتانی دیکەی عەرەبی بەردەوامە بۆ گێڕانەوەی دیمەشق بۆ کۆمکاری عەرەبی.